سەرۆك کۆماری ئێران ڕایگەیاند: ئەگەر گفتوگۆکانیان لەگەڵ ئەمریکا لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەیان شکست بهێنێت، پلانی جێگرەوەیان بۆ تێپەڕاندنی قەیرانەکان هەیە...
هەواڵ:KNNC
مەسعود پزیشکیان – سەرۆك کۆماری ئێران ڕایگەیاند: ئەگەر گفتوگۆکان لەگەڵ ئەمریکا شکست بهێنن و ئەمریکا و سزاکانی سەریان توند بکاتەوە، ئەوا تاران پلانی جێگرەوەی هەیە بۆ تێپەڕاندنی قەیرانەکان، هەروەها سەدان ڕێگاش بۆ خۆراگری و تێپەڕاندنی گەمارۆ و کێشەکان دەدۆزنەوە.
لێدوانەکەی سەرۆك کۆماری ئێران لەدوای ئەوە دێت، دۆناڵد ترەمپ – سەرۆكی ئەمریکا ڕایگەیاند: لە چەند ڕۆژی داهاتودا هەواڵێكی باش یاخود خراپ لەبارەی ئێران ڕادەگەیەنن، وتیشی ئەمریکا ئاسودەیە لە گفتوگۆکاندا لەگەڵ تاران.
ئەوە لە کاتێكدایە، لە 12ـی مانگی چوارەوە واشنتۆن و تاران بە نێوەندگیری عوممان پێنج گەڕی دانوستانی ناڕاستەوخۆیان ئەنجام داوە، گەرچی تا ئێستا شاندی هەردو وڵات بە ئەرێنی وەسفی دانوستانەکانییان دەکەن، بەڵام هێشتا نەگەیشتونەتە هیچ ڕێککەوتنێكی گشتگیر.
110 جار خوێندراوەتەوە