وەزارەتی كارەبای عێراق: تۆڕی نیشتیمانی بڕی 3500 مێگاوات كارەبای لەدەستدا

KNN : Kurdish News Network
07:43 - 22/05/2025
عێراق
+
-

بەهۆی كەمبونەوەی غازی هاوردەكراوی ئێرانی كارەبای عێراق سێ هەزار و (500) مێگاوات كارەبا كەمی كردوە، بەرپرسێكی وەزارەتی كارەباش دەڵێت: پێدەچێت لە مانگی تەموزدا تۆڕی نیشتیمانی پێنج هەزار و (300) مێگاوات كارەبا لەدەستبدات.


هەواڵ: (KNNC)


بەیاننامەیەکی وەزارەتەکە لە زاری سەعد فەریح، بەڕێوەبەری سوتەمەنی لە وەزارەتی کارەبای عێراق رایگەیاند: کەمبونەوەی بڕی غازی هاوردەكراوی ئێرانی لە لەمانگی ئایاردا لە (45) ملیۆن مەتر سێجای رۆژانە بۆ (20) ملیۆن مەتر سێجا، كاریگەری گەورەی لەسەر بەرهەمهێنانی كارەبا دروستكردوە، بەجۆرێك بوەتە هۆی كەمبونەوەی سێ هەزار و (500) مێگاوات كارەبا لەسەر تۆڕی نیشتیمانی.


وتوشیەتی: بۆ بەرهەمهێنانی وزەی كارەبا و بەپێی گرێبەستی نێوان بەغداد و تاران پێویستە رۆژانە (45) ملیۆن مەتر سێجا غاز لە ئێرانەوە هاوردەی عێراق بكرێت.


رونیكردەوە؛ ئاڵنگارییە راستەقینەكە لە مانگی حوزەیراندا دەست پێدەكات، چونكە ئەگەر بارودۆخەكەی ئێستا بەم جۆرە بەردەوام بێت كە ئەو كاتە عێراق پێویستی بە بڕی (55) ملیۆن مەتر سێجا غاز هەیە، تۆڕی كارەبای نیشتیمانی روبەڕوی لەدەستدانی پێنج هەزار و (300) مێگاوات كارەبا دەبێتەوە.


بەڕێوەبەری سوتەمەنی لە وەزارەتی کارەبا ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، بۆ داڕشتنی پلانی قەرەبوکردنەوەی کەمی غاز لەڕێگەی دابینکردنی غاز لەسەرچاوەی دیكە بۆ وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا، وەزارەتەكەی بەهەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی نەوت کاردەکات، كە ئامانجی سەرەكیش بەکارهێنانی غازی سروشتی و سوتەمەنی شلە.

361 جار خوێندراوەتەوە