كەشتی فڕۆكە هەڵگری هاری ترومانی سوپای ئەمەریكا رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەجێدەهێڵێت،
بەڵام پێداویستە جەنگییەكانی دیكەی واشنتۆن بەجێگیری لە شوێنی خۆیان دەمێننەوە.
هەواڵ: (KNNC)
لەو بارەیەوە بەرپرسی سەربازی سوپای ئەمەریكا لە دیمانەیەكی تەلەفزیۆنیدا رایگەیاند:
كەشتی فڕۆكە هەڵگری هاری ترومانی سوپای ئەمەریكا ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەجێدەهێڵێت،
هیچ پلانێكی گۆڕینیان بۆ كەشتییەكی دیكە بونی نییە، بەڵام بۆ چاودێری هەر پێشهاتێك
لەنێوان ئیسرائیل، حوسییەكان و ئێران كەرەستە و پێداویستە جەنگییەكانی دیكەی واشنتۆن
بەجێگیری لە شوێنی خۆیان دەمێننەوە.
وتیشی: لەسەردانەكەیدا بۆ وڵاتانی كەنداو، دۆناڵد ترمپ، سەرۆكی ئەمەریكا جەختی
كردوەتەوە كە پاراستنی بەرژەوەندییەكانی وڵاتەكەی لەپێشینەی كارەكانییەتی، تەنانەت
ئەگەر لەگەڵ دوژمن و نەیارەكانیشی بێت، ئامادەیی تێدایە دانوستان بۆ رێكبكەوێت
بكات.
رونیكردەوە؛ لەڕوی سەربازی و دیپلۆماسییەوە واشنتۆن بەردەوام هاوكاری
تەلئەبیب دەكات، بەڵام پەیوەست بەدانوستان لەگەڵ ئێران و حەماس، داواكارییەكانی تەلئەبیب
بۆ ئەنجام نەدانی دانوستان لەگەڵ ئەو دولایەنە گرنگییەكی ئەوتۆی لای كۆشكی سپی
نییە.
بەرپرسە سەربازییەكەی ئەمەریكا ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، لە كاتی ئەنجامدانی
هێرشەكانی بۆ سەر حوسییەكانی یەمەن، هەمو كاتێك تەلئەبیب واشنتۆن ئاگادار ناكاتەوە،
ئێستا ئەوەی كە گرنگە ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمەریكا و حوسییەكانی یەمەن، پابەندبون
بە ئاگربەستی نێوانیانەوە.
645 جار خوێندراوەتەوە