ئاژانسی ڕۆیتەرز: سبەینی دۆناڵد ترەمپ و ئەحمەد شەرع لە سعودییە کۆدەبنەوە

KNN : Kurdish News Network
06:53 - 13/05/2025
جیهان
+
-


ئاژانسی ڕۆیتەرز لە زاری بەرپرسێکی کۆشکی سپییەوە بڵاویکردەوە، دۆناڵد ترەمپ، ڕۆژی چوارشەممە لەگەڵ ئەحمەد شەرع سەرۆکی  کاتی سوریا  چاویان بەیەکتری دەکەوێت و  بۆ ماوەیەکی کەم کۆدەبنەوە

هەواڵ:KNNC


دوای ئەوەی ڕۆژنامەی (زە تایمز)ی بەریتانی ڕۆژی دووشەممە لە ڕاپۆرتێکدا بڵاویکردبوەوە، چاوەڕوان دەکرێت ترەمپ لە سەردانەکەیدا بۆ سعودیە لەگەڵ ئەحمەد شەرع کۆببێتەوە.

ئەمڕۆ بەرپرسێکی کۆشکی سپی بە ئاژانسی ڕۆیتەرز راگەیاندوە،  ترەمپ ڕەزامەندی دەربڕیوە کە ڕۆژی چوارشەممە لە سعودییە لەگەڵ ئەحەمەد شەرعدا کۆببێتەوە.

هەر لەوبارەیەوە ئاژانسی فرانس پرێسیش لە زاری بەرپرسێکی دیکەی ئەمەریکییەوە بڵاویکردەوە، سەرۆکی ئەمەریکا "بۆ ماوەیەکی کورت" لە ڕیاز چاوی بە هاوتا سورییەکەی دەکەوێت.

ترەمپ ئەمڕۆ سێشەممە لە سەرەتای سەردانەکەی بۆ سێ دەوڵەتی کەنداو کە بە "سەردانێکی مێژویی" وەسفی کرد، گەیشتە ڕیازی پایتەختی سعودیە و بڕیاریشە چەندین ڕێکەوتنی سەربازی و  بازرگانی واژوبکات.

پێشتر ڕۆژنامەی (زە تایمز) بەریتانی  ئاماژەی بەوەکرد بو،  ڕەنگە ترەمپ و ئەحمەد شەرع لە سعودییە کۆببنەوە و کۆبونەوەکە دەبێتە دەرفەتێک بۆ سەرۆکی سوریا تا ئەمەریکا رازی بکات  بۆ هەڵگرتنی سزا سەپێنراوەکانی بەسەر وڵاتەکەیدا.

لایخۆشتییەوە وەک نیشانەیەک بۆ ئەگەری گۆڕانکاری لە سیاسەتی واشنتۆن، ترەمپ ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند کە ڕەنگە سزاکانی ئەمەریکا لەسەر سوریا سوک بکات.

ڕۆژنامەی تایمز بە پشتبەستن بە سەرچاوە ئەمنییەکان بڵاویکردەوە، ڕەنگە شەرع پێشنیاری ئەوە بکات کە "گفتوگۆ لەسەر پەیوەستبون بە ڕێککەوتنەکانی ئەبراهام ئەنجام بدات" لە بەرامبەر لابردنی سزاکانی ئەمەریکا لەسەر سوریا.

101 جار خوێندراوەتەوە