باڵی سەربازی بزوتنەوەی حەماس، بارمتەی
ئیسرائیلییە-ئەمەریکییەكەی رادەستی خاچی سوری نێودەوڵەتی کرد.
هەواڵ: (KNNC)
میدیا عەرەبییەكان
بڵاویانكردەوە، ئێوارەی ئەمڕۆ دوشەممە، لیواکانی قەسام، باڵی سەربازیی بزوتنەوەی حەماس،
عیدان ئەلێکساندەر، بارمتەی ئیسرائیلییە-ئەمەریکییەكەیان لە باكوری خان یونس رادەستی
کۆمیتەی خاچی سوری نێودەوڵەتیی کرد.
بەپێی زانیارییەكان، ئەلێکساندەر
لەڕێگەی دەروازەی کیسوفیمەوە بۆ ئیسرائیل دەگوازرێتەوە.
پێشتر، رادیۆی ئیسرائیل بڵاویکردەوە،
هەلیکۆپتەرێکی هێزی ئاسمانی ئیسرائیل، دایکی ئەسکەندەری بۆ بنکەی رەعیم، كە ستیڤ ویتکۆف،
نوێنەری كۆشكی سپی لێیە، گواستوەتەوە.
بزوتنەوەی حەماس لە بەیاننامەیەکدا
بڵاویكردوەتەوە؛ لەچوارچێوەی ئەو هەوڵانەی لەلایەن نێوەندگرانەوە بۆ گەیشتن بەئاگربەست
و کردنەوەی دەروازەکان وڕێگەدان بەگەیشتی هاوکارییە مرۆییەكان بۆ کەرتی غەززە،
بارمتەكەیان ئازاد كردوە.
وەزارەتی تەندروستی ئیسرائیل
ئاشکرای دەکات، دوای هەڵسەنگاندنی سەرەتایی بۆ دۆخی تەندروستی ئەلێكساندەر،
دەگوازرێتەوە بۆ ئیچیلۆڤ لە تەلئەبیب.
ئەمڕۆ دوشەممە، بنیامین ناتانیاهۆ،
سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل سوپاسی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکای کرد كە بۆ ئازادكردنی
عیدان ئەلێکساندەر "یارمەتی" وڵاتەكەی داوە.
125 جار خوێندراوەتەوە