دەستەی دەستپاکی عێراق: زیاتر لە نیو ملیار دۆلار پارەی قاچاخمان گەڕاندوەتەوە

KNN : Kurdish News Network
01:55 - 10/05/2025
عێراق
+
-

سەرۆکی دەستەی دەستپاکی عێراق رایگەیاند، زیاتر لە نیو ملیار دۆلاریان لە پارەی قاچاخ گەڕاندوەتەوە بۆ گەنجینەی دەوڵەت، دەشڵێت: هەوڵەکانیان سەرکەوتوبوە بۆ بەرەنگاربونەوەی گەندەڵی.

 

هەواڵ:KNNC

 

محەمەد عەلی ئەللامی، سەرۆکی دەستەی دەستپاکی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاندوە، هەوڵەکانی حکومەت سەرکەوتوبوە لە بەرەنگاربونەوەی گەندەڵی و ئەو پرسەیان کردوەتە ئەولەویەتی سەرەکی لە بەرنامەی حکومەتدا.

 

باسی لەوەشکردوە، لە ساڵی 2024ـدا سەرکەوتوبون لە وەرگرتنەوەی زیاتر لە نیو ملیار دۆلار پارەی قاچاخ، هەروەها دەستکەوت وپاراستنیان بۆ ئەو کەسانە دابینکردوە کە هاوکارن لە ئاشکراکردنی دۆسییەکانی گەندەڵی.

 

دەڵێت: هەوڵەکانی حکومەت و دەسەڵاتی دادوەری، پاڵپشتی دەستەی دەستپاکییان کردوە بۆ گەڕاندنەوەی پارەی قاچاخ و رەخساندنی زەمینەیەکی گونجاو بۆ هاوکاری لەگەڵ وڵاتان لەسەرانسەری جیهاندا بۆ تێپەڕاندنی هەر بەربەستێک کە دێتە بەردەمیان، هەروەها ئەنجامدانی چەندین رێککەوتن و یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن لەگەڵ زۆرێک لە وڵاتان کە سەروەت و سامانی قاچاخی عێراقی تێدایە.

 

سەرۆکی دەستەی دەستپاکی عێراق رایگەیاندوە، حکومەت چەند یاسایەکی داڕشتوە کە سیستمی یاسای بەرەنگاربونەوەی گەندەڵی بەهێزدەکات، جگە لە پاڵپشتی بەردەوامی بۆ دامەزراوەکانی دەوڵەت، هەروەها راهێنانی کارمەند و بەخشینی بڕوانامەی ئەکادیمی لەبواری بەرەنگاربونەوەی گەندەڵی.

57 جار خوێندراوەتەوە