كەشناسێك: كەشوهەوای هەرێم گۆڕانكاری بەسەردا دێت و پلەكانی گەرما دادەبەزن

KNN : Kurdish News Network
07:51 - 10/05/2025
کوردستان
+
-

بەهۆی نزیکبونەوەی بارستەھەوایەکی فێنک بۆ سەر ناوچەکانی دەریای ناوەڕاست و تورکیا، لە رۆژی دوشەممەوە كەشوهەوای هەرێم گۆڕانكاری بەسەردا دێت و پلەكانی گەرما دادەبەزن، هاوكات ئەگەری ھەورە بروسکە و نمەباران لە ھەندێک شوێندا دەبێت.


هەواڵ: (KNNC)


ئەمڕۆ شەممە، ئاراس جەبار، شارەزای کەشناسی بڵاویکردەوە؛ لە ئەنجامی بەردەوامیی کاریگەریی بارستەھەوای گەرمی باکوری ئەفریقا، بەراورد بە ئەمڕۆ؛ سبەینێ یەکشەممە پلەكانی گەرما کەمێک بەرزتر دەبێتەوە، ئاشكراشیكردوە، بەهۆی نزیکبونەوەی بارستەھەوایەکی فێنک بۆ سەر ناوچەکانی دەریای ناوەڕاست و تورکیا، لە رۆژی دوشەممەوە، کاریگەری گەرماكە کەم دەبێتەوە.


وتوشیەتی: ناجێگیربونی کەشوھەوا لەسەر ناوچەکانی هەرێی كوردستان دەستپێدەکاتەوە و ئەگەری ھەورە بروسکە و نمەباران لە ھەندێک شوێندا دەبێت.


رونیكردوەتوە؛ بەپێی پێشبینییەكان رۆژی سێشەممە، بەهۆی کاریگەریی ئەو ناجێگیرییە ئەگەری  چالاکبونی "با"ـی رۆژئاوا و باشوری رۆژئاوا هەیە و كە پێدەچێت خێراییەكەی لەنێوان (15 بۆ 45) کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا بێت، لەئەنجامدا شەپۆلێکی خۆڵبارین لە ناوچەکانی سوریا و رۆژئاوای عێراقەوە، ناوچەکانی باشوری ھەرێمی کوردستان دەگرێتەوە، ئەوەش وادەكات كە پلەی گەرمی زیاتر دابزێت و  کەش تا رادەیەک فێنک ببێتەوە.


ئاراس جەبار، شارەزای کەشناسی ئاماژەی بۆ ئەوەشكردوە؛ بەگشتی کاریگەریی ئەم حاڵەتە تا کۆتایی ھەفتە، بەردەوامیی دەبێت و ناوبەناویش، لە شوێن و کاتی جیاوازدا، بەتایبەت لە رۆژی پێنجشەممەدا  ھەورەبروسکە چالاک دەبێت و ئەگەری تاوەباران دەبێت؛ بارانەکە بۆ زۆربەی ناوچەکان کەمە، بەڵام لە ھەندێک شوێندا بە دیارینەکراوی بارانی بەخوڕ و تەرزەش دەبارێت.

395 جار خوێندراوەتەوە