لە کۆبونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیران پرسی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم تاوتوێ کراوە، وەزیری دارایی عێراق بە بیانوی رادەستنەکردنی داهاتی ناوخۆ پاساو بۆ دواکەوتنی ناردنی موچە دەهێنێتەوە، سەرچاوەیەکیش دەڵێت: عێراق کێشەی پارەی کاشی هەیە و ئەمەی ئێستا دەکات بە بیانو بۆ نەناردنی موچە.
هەواڵ:KNNC
لە کۆبونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیران بە ئامادەبونی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق و فوئاد حسێن، جێگری سەرۆک وەزیران، پرسیار لە تەیف سامی، وەزیری دارایی کراوە کە بۆچی موچەی مانگی نیسانی فەرمانبەرانی هەرێم رەوانە ناکەن؟، لە وەڵامدا وەزیری دارایی وتویەتی :" ئێمە رێککەوتنمان لەگەڵ هەرێم هەیە، بەڵام ئەوان پێشێلکارییان کردوە لە بڕگەی رادەستکردنی داهاتی ناوخۆ، کە بە تەواوەتی پارەکان رەوانە ناکەن".
تەیف سامی باسی لەوەکردوە " دەبێت هەرێم 50٪ی داهاتی ناوخۆ رادەستی عێراق بکات، بەڵام بۆ مانگەکانی یەک و دو و سێ، (48 ملیار، 45، ملیار، 50 ملیار) دیناری رەوانە کردوە و ئەوەش ناکاتە 20٪ی داهاتی ناوخۆ، بۆیە ناچارین ئەم رێکارە بگرینەبەر و هەرێم 50٪ی داهاتەکەمان رادەست بکات".
وەزیرێکی کورد لە نێو کۆبونەوەکە بۆ کەی ئێن ئێن قسەی کرد و وتویەتی: "قسەکانی تەیف سامی بەهانەیە، چونکە عێراق بۆ دابەشکردنی موچەی ئەم مانگە هەشت ترلیۆن دیناری پێویستە و بۆ هەرێمیش یەک ترلیۆن، کە دەکاتە نۆ ترلیۆن دینار، بە هەمان شێوە بۆ پێش جەژن دەبێت موچەیەکی دیکە دابەش بکەن و بۆ ئەو مەبەستە نۆ ترلیۆن دیناری دیکە دەبێت تەرخان بکرێت، بەڵام عێراق کێشەی پارەی نەختینە و کاشی هەیە".
دەشڵێت:"عێراق بۆ پەردەپۆشکردنی کێشەی پارەی کاش، بیانو دەهێنێتەوە بەوەی هەرێم 50٪ی داهاتی ناوخۆی رادەست نەکردوە، لەکاتێکدا چۆن بۆ سێ مانگی رابردو لەبەرامبەر ئەو داهاتەی رادەستی کراوە، پارەی موچەخۆرانی ناردوە".
رونیشیکردەوە، وەزیری دارایی عێراق بە دواخستنی ناردنی موچەی مانگی چوار، دەیەوێت موچەی مانگی پێنجیش دوابخات و پێش جەژن دابەشی نەکات.
سلێمانی – بڕیار نامیق
2638 جار خوێندراوەتەوە