وتەبێژی یەكێتی خانەنشینانی كوردستان رایدەگەیەنێت: دەبێت
بەغداد (100) هەزار دینارەكە بۆ خانەنشینانی هەرێم خەرج بكات و بۆ ئەو مەبەستەش
پەیامێكی تایبەتی ئاڕاستەی سەرۆكی دادگای باڵای فیدراڵی كردوە كە تیایدا داوای
بەدواداچون بۆ خەرجكردنی دەكات.
هەواڵ: (KNNC)
سادق شێخ عوسمان، وتەبێژی یەكێتی خانەنشینانی كوردستان،
لەبەرنامەی پرسی رۆژی (KNN)ـدا راگەیاند: لەسەر بنەمای بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی كە دەبێت موچە لەسەرتاسەری عێراق هاوتا بكرێت، ئەو
بڕی (100) هەزار دینارەی بۆ خانەنشینان لەلایەن سەرۆك وەزیرانەوە بڕدراوەتەوە
دەبێت بەغداد بۆ خانەنشینانی هەرێمی كوردستانی خەرج بكات.
وتیشی: لەبەرئەوەی یاسای خانەنشینی یەكگرتوی عێراق
جێبەجێ كراوە، دەبێت موچەی خانەنشیانی هەرێم هاوتای موچەی خانەنشینانی بەغداد بكرێت، نابێت جیاوازی
لەموچەی خانەنشینان لەنێوان عێراق و هەرێمدا هەبێت.
لەسەر خەرج نەكردنی (100) هەزار دینارەكە، وتەبێژی
یەكێتی خانەنشینانی كوردستان پەیامێكی بۆ سەرۆكی دادگای فیدراڵی ناردوە كە تیایدا
هاتوە: لەسەر بنەمای بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی پێویستە موچەی موچەخۆران لەعێراقدا
هاوتابێت، بەڵام تا ئێستا بڕیاری خەرجكردنی بڕی (100) هەزار دینارەكە لە هەرێمی
كوردستان جێبەجێ نەكراوە، بۆیە داوای كردوە بەدواداچونی بۆ بكات، ئەگەر لەسەر
ئاستی پەیوەندییە تایبەتییەكانی خۆشی بێت.
رونیكردەوە؛ ئەو فەرمانبەرانەی لە ساڵی (2025) خانەنشین
بون ژمارەیان نزیكەی (35) هەزار كەسە، بەڵام دەوترێت كە تا ئێستا مامەڵەی
خانەنشینی شەش بۆ حەوت هەزار كەسیان تەواو بوە، بەڵام ئەو ژمارە راست نییە و گومانی
لەسەرە لەبەر ئەوەی تا مانگی (3ـی 2025) مامەڵەی كەمتر لە (200) خانەنشینیان تەواو
كردبوە، چۆن خێرا ئەو ئەو چەند هەزار كەسە ناویان خراوەتە سەر لیستی موچە؟
سەبارەت بە پاداشتی خانەنشینانیش، وتەبێژی یەكێتی
خانەنشینانی كوردستان ئاماژەی بۆ ئەوەكرد، ئەو پاداشتانەی بۆ خانەنیشیان خەرج
دەكرێت دو جۆرە، كە یەكێكیان پەیوەندی بە ئەو مۆڵەتانەیە هەیە پێش خانەنشین بونی فەرمانبەركە
مۆڵەتی وەرنەگرتوە ئەوەش دەكرێت بە موچەی شەش مانگ و بۆی خەرجە دەكرێت.
راشیگەیاند: جۆری دوەمی پاداشتی خانەنشینان خۆی لە كۆتای
كۆتایی هاتنی خزمەتەكە دەبینێتەوە، ئەوەش دوای تەواو بونی مامەڵەی خانەنشینییەكەی وەك
پاداشت موچەی یەك ساڵی بۆ خەرج دەكرێت، كە ئێستا لە عێراق وەرگیراوە، بۆ ئەوەی
خانەنشینانی هەرێمیش ئەو پاداشتە وەربگرن، پێویستە هەردو وەزارتی دارایی هەرێم و
عێراق هەماهەنگی بكەن و بابەتەكە یەكلایی بكەنەوە، نەوەك بیكەن بە سیاسی خانەنشینانت
باجەكەی بدەن.
342 جار خوێندراوەتەوە