وەزارەتی كارەبا: نرخی كارەبا 24 كاتژمێرییەكە ئەزمونییە

KNN : Kurdish News Network
10:21 - 04/05/2025
کوردستان
+
-

وتەبێژی وەزارەتی كارەبا دەڵێت: پڕۆژەی روناكی یەكێكە لە پڕۆژە گرنگەكان و تا كۆتایی ئەمساڵ سەرجەم شارەكان دەبن بە خاوەنی كارەبای (24) كاتژمێری و ئاشكراشیدەكات؛ ئەو نرخەی كە ئێستا دیاریكراوە، نرخێكی ئەزمونییە.


هەواڵ: (KNNC)


ئومێد ئەحمەد، وتەبێژی وەزارەتی كارەبا، لە بەرنامەی رۆژەڤ كە كاتژمێر (10:00)ـی ئەمشەو بەكاتی هەرێم پەخش دەكرێت، بە (KNN)ـی راگەیاند: بەمەبەستی روناككردنەوەی سەرجەم ماڵەكان و دابینكردنی كارەبای (24) كاتژمێری بۆ هاڵاتیان، حكومەتی هەرێمی كوردستان، پڕۆژەی روناكی راگەیاندوە كە یەكێكە لە پڕۆژە گرنگەكانی حكومەت و تا كۆتایی ئەمساڵ سەرجەم شارەكان دەبن بە خاوەنی كارەبای (24) كاتژمێری.


رونیكردەوە، لەدوای راگەیاندنی پڕۆژەكە، لە ئێستادا زیاتر لە (50) گەڕەك، كە بە نزیكەیی (600) هەزار هاوڵاتی لە شارەكانی هەولێر و سلێمانی لە دابین كردنی كارەبای (24) كاتژمێری سودمەندبون.


لەسەر نرخی كارەبای پڕۆژەی روناكی، وتەبێژەكەی وەزارەتی كارەبا ئاشكرایكرد، بۆ دیاریكردنی نرخی كارەبا لە پڕۆژەكە چەندین توێژینەوەیان ئەنجام داوە و ئەو نرخەی كە ئێستا دیاریكراوە، نرخێكی ئەزمونییە، هەركاتێك نرخی جێگیرییان بۆ دەركەوت بۆ هاوڵاتیانی بڵاودەكەنەوە.


جەختیكردەوە؛ نرخی ئێستای كارەبا جێگیر نییە، كەم دەكرێتەوە، لەبەر ئەوەی وەزارەتی كارەبا ویستییەتی كە تێچوی كارەبا وەربگرێتەوە، ئەگەر تێچوەكەی وەرنەگرنەوە ناتوانین كارەبای (24) كاتژمێری دابین بكەن.


لەوەڵامی ئەو پرسیارەی كە هەرماڵێك لە مانكێكدا چەند كارەبا بەكاردەهێنێت ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، بەپێی لێكدانەوەكان مانگانە هەر ماڵێك بە نزیكەی (700 بۆ 1000) كیلۆوات تەزوی كارەبا بەبەردەوامی بەكاردەهێنن.


سەبارەت بە پاڵپشتی كردنی حكومەت بۆ هاوڵاتیان رایگەیاند: حكومەت پاڵپشتی نرخی كارەبا بۆ چینی هەژاران دەكات، ئەوە لەسەر بنەمای بەكارهێنانی بڕی كارەبا دیاری دەكرێت، چونكە ئەو ماڵانەی تەزوی كارەبا زۆر بەكاردەهێنن دۆخی داراییان باشە حكومەت پاڵپشتی نرخەكەیان ناكات.

715 جار خوێندراوەتەوە