وردەکارییەکان سەبارەت بە ڕێککەوتنی ئەتۆمی نێوان ئەمەریکا و ئێران بڵاوکرایەوە

KNN : Kurdish News Network
04:45 - 02/05/2025
جیهان
+
-

ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز لە زاری سەرچاوە ئاگادارەکانەوە ڕایگەیاندوە، ترەمپ ڕێککەوتنێکی 25 ساڵە لەگەڵ ئێران ئەنجام دەدات و تاران ڕێژەی پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ 60٪ کەم دەکاتەوە و ڕێکەوتنەکەی نێوانیان جیاوازییەکی بەرچاوی لەگەڵ ڕێککەوتنی ساڵی 2015دا نابێت.


هەواڵ:KNNC

 


ئاژانسی رۆیتەرز نوێترین زانیاری لەسەر دانوستان و ئەگەری ڕێکەوتنی نێوان ئەمەریکا و ئێران بڵاوکردوەتەوە و لە زاری سەرچاوە نزیکەکان ئەوەی ئاشکرا کردوە؛ ڕێککەوتنی چاوەڕوانکراوی ئەمەریکا لەگەڵ ئێران هاوشێوەی ئەو ڕێککەوتنە دەبێت کە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا لە ساڵی 2018 لە خولی یەکەمیدا لێی کشایەوە.


سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوەکردوە کە ترەمپ ڕێککەوتنێکی 25 ساڵە ئەنجام دەدات و ڕێکارەکانی پشتڕاستکردنەوە توندتر دەکات  بەبێ ئەوەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی تاران هەڵبوەشێنێتەوە.


بەپێی ئەو مەرجانەی باس دەکرێن، ئێران کۆگای یۆرانیۆمی پیتێنراوی لەسەدا 60 کەمدەکاتەوە،  لە بەرامبەر لابردنی گەمارۆکانی سەر ئێران،  تاران قەبارەی کۆگاکانی ئەم ماددەیە سنوردار دەکات و کەمکردنەوەی کۆگا ئەتۆمیەکانی ئێران لەژێر چاودێری وردی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمیدا دەبێت.


رۆیتەرز ئەوەسێ ئاشکرا کردوە،  ئێران وەک نیشانەی نیازپاکی پێشنیاری ئەوەی کردوە کە موشەک دروست نەکات کە توانای هەڵگرتنی سەری ئەتۆمی هەبێت و ئاژانسەکە ئەوەشی خستوەتەڕو، "ئەوەی باسی لێوە دەکرێت، ناردنی بەشێک لە یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێرانە بۆ دەرەوەی وڵات، ڕەنگە بۆ ڕوسیا، تەنانەت ئێران بیرۆکەی فرۆشتنی بە ئەمەریکای خستوەتە ڕو".


ئەمە لەکاتیكدایە، دوای ئەوەی وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا مەرجەكانی واشنتۆنی بۆ رێككەوتن لەگەڵ تاران ئاشكرا كرد و رایگەیاند؛ پێویستە لەسەر ئێران رێگە بە پشكنەرە ئەمەریكییەكان بدات سەردانی شوێنەكان و دامەزراوە سەربازییەكان بكەن و  لەبەرامبەردا بەرپرسێکی ئێران بە ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرزی راگەیاندوە؛  دەستبەرداری مافی پیتاندنی یۆرانیۆم نابن

1626 جار خوێندراوەتەوە