کوردێک بۆ یەکەمجار بە بەڵگەوە کوردبونی سەڵاحەدینی ئەیوبیی بۆ رۆژئاوا دەسەلمێنێت

KNN : Kurdish News Network
08:54 - 03/05/2025
کوردستان
+
-


بۆ یەکەمجار و لە تێزێکی دکتۆرادا لەسەر پرسی "کورد لە دبلۆماسییەتی بەریتانیی-عێراقیی"دا، بە پشت بەستن بە سەدان بەڵگەنامەی باوەڕپێکراوی زانستی، تێزیكی دکتۆرا وەرگیرا و بەهۆی گرنگیەکەشیەوە زانکۆی کامبریدج ناوەڕۆکەکەی بە نهێنی هێشتوەتەوە.


هەواڵ:KNNC


تێزی دکتۆراکە لە بەریتانیا بەدەستهێنراوە لە زانکۆی کامبریدج لەلایەنی توێژەری کورد شەریف عەلی، بە سەرپەرشتی هەردو پڕۆفیسۆری جوو و بەریتانیی (دکتۆر مەعزا و دکتۆر ماڵکەم) پاش گفتۆگۆکردن، لیژنەی تاقیکەرەوە بڕیاریانداوە بە بێ هیچ جۆرە دەستکاریکردن و ڕاستکردنەوەو گۆڕانکارییەک لە تێزەکەدا، وەک خۆی قبوڵبکرێت و وەک پرۆژەیەکی ئۆریجناڵ (ڕەسەن)ی دکتۆرا پەسەند بکرێت.

بەهۆی گرنگی تێزەکەوە، زانکۆی کامبریدج ناوەڕۆکەکەی بە نهێنی هێشتوەتەوە و بڵاوناکرێتەوە، لە ڕوی یاساییەوە گەمارۆی خراوەتەسەر بۆ ماوەی سێ ساڵ و دواتر بڕیارە بکرێت بە کتێبێک بە بێ دەستکاری کردن.

ئەم تێزی دکتۆرایە، کە توانیویەتی وەک پرۆژەیەکی Unique  بێوێنەی ئۆریجناڵی داهێنەرانەی دکتۆرا، خەڵات بکرێت و دەقاودەق، بە بێ پێشنیاری هیچ دەستکاریی و چاککارییەک تێیدا وەرگیراوە، ئاستێکی نمونەی بەدەستهێناوە کە ئەستمە و بە دەگمەن لە زانکۆ بەناوبانگەکانی خۆرائاوادا ئەو پلە زانستییە بەدەست دێت.


تێزی دکتۆراکە بە ناونیشانی ؛"پرسی کورد ١٩٥٨-١٩٧٠ لە دبلۆماسییەتی ئەنگلۆ-عێراقیی  دا" پیشکەشکراوە  و لە شەش چاپتەر پێکدێت، کە زۆر بە وردی باسی لە مێژوی کورد و گرنگی  کورد بۆ بەریتانیا کردوە و سیاسەتی ئینگلیەزەکانی بەرامبەر بە کورد بە بەڵگەوە خستوەتەڕو.

شەریف عەلی کە خاوەنی تێزەکەیە بەتایبەت بۆ کەی ئێن ئێن، بە وردی  باسی لە تێزەکەی و پلەی زانستییەکەی کردوە و نوسیویەی؛



بۆ یەکەمجار نوسین و بەڵگەی نوێی [سەردەمی] سەلاحەدین ئاشکراکراو، کوردبونی سەلاحەدینی ئەیوبیی، سەلمێنرا.

لە تێزێکی دکتۆرای ئۆریجناڵ (ڕەسەن) لەسەر: "پرسی کورد لە دبلۆماسییەتی بەریتانیی-عێراقیی"دا، بە پشت بەستن بە سەدان بەڵگەوبەڵگەنامەی (ئەرشیفخانەی نیشتیمانیی بەریتانیی، ئەرشیفی سەنەت هاوس لە لەندەن، ئەرشیفی بریتیش لایبرەری لە لەندەن و، ئەرشیفخانە ناوچەییەکانی بەریتانیا)، چەندین پرسی وونبوی ناو مێژو و ناسیۆنالیزم و دبلۆماسیەتی کورد، ساغکرانەوەو، بە میتۆدی وردی شیکاری لێکدرانەوە.

تێزی دکتۆرای (شەریف عەلی) بە سەرپەرشتی هەردو پڕۆفیسۆری جوو و بەریتانیی (دکتۆر مەعزا و دکتۆر ماڵکەم) و، بە ئامادەبونی هەردو ئیکزامینەری پسپۆڕ (دکتۆر ئالان و دکتۆر ئارەن دۆنەهی) کە لەلایەن پڕۆفیسۆر (کاسرین)، سەرۆکایەتی لیژنەی تاقیکردنەوەکە دەکرا، پاش گفتۆگۆ و مشتومڕیکی پڕئارگیومێنتەری لە نێوان خوێندکار و ئیکزامینەرەکاندا،  لیژنەی تاقیکەرەوە بڕیاریان دا: بە بێ هیچ جۆرە دەستکاریکردن و ڕاستکردنەوەو گۆڕانکارییەک لە تێزەکەدا، دەقاودەق؛ تێزەکە وەک پرۆژەیەکی ئۆریجناڵ (ڕەسەن)ی دکتۆرای ناوازە  Unique ، بەخشرا. بە هۆی ئەوەی لە تەواوی باس و بەشەکانی تێزەکەدا، خوێندکار بە مشتومڕی ئارگیومێنتاری چەندین بیرۆکەی نوێی داهێناوەو، بە بەڵگەوبەڵگەنامەی دانسقە؛ بیرۆکە نوێیەکانی خۆی لۆژیکانە شیکردۆتەوەو سەلماندووە.

بە خستنەڕوی سەدان دۆکیۆمێنت، ئەم تێزە ڕەسەنە (ئۆریجناڵ)ەی دکتۆرا، بەشدارە لەم دۆزینەوە گرنگانەی خوارەوەدا، کە ناسیۆنالیزم، مێژوو، سیاسەت و دبلۆماسیەتی کورد، چەندین هەنگاو لە مێژوودا دەبەنە پێشەوەو، گۆڕانکاری گرنگ بە سودی نەتەوەی کورد و خاکی کوردستان، دێننەکایەوە.

ناونیشانی تێزەکە: پرسی کورد ١٩٥٨-١٩٧٠ لە دبلۆماسییەتی ئەنگلۆ-عێراقیی، دا.

١-چاپتەری یەکەم (چاپتەری ئینترۆدەکشن):
ئەم چاپتەرە تەرخانکراوە بۆ پێشەکییەکی پڕئارگیومێنتاری لەسەر ئامانجەکانی تێزەکە، ئەو میتۆدۆلۆژیا زانستییانەی کە لەسەر "دبلۆماسیەت و مێژو و سیاسەت"ن و لە تێزەکەدا بەکارهێنراون و لیمیتەیشنەکانیان، مشتومڕو ڕەخنە زانستییەکانی توێژەر لە سەرچاوەو پڕۆفیسۆرەکانی پێش خۆی و، پێشەکییەکی کورت لەسەر مێژو و ناسیۆنالیزمی کورد.

دکتۆر شەریف لەم چاپتەرەدا، چەندین ئامانجی دیاریکردوە کە تێزەکەی دواتر بە پشت بەستن بە چەندین بەڵگەنامەی جۆراوجۆر ئامانجەکانی بەدیهێناوە. پاشان بە دیدێکی زانستی ورد لێکدانەوەو ڕەخنەکانی لە بەڵگەنامەکانی (بەریتانیا، سی ئای ئەی، ئیستیخباراتی عێراق و، ساواکی ئێران) گرتوەو، گرنگترین کەماسییەکانیانی شیکردۆتەوە. دواتر، ڕەخنەی زانستی لە بەشێک لە ئایدیاو ناوەڕۆکی بەرهەمەکانی پڕۆفیسۆرە خۆراواییەکان، بەتایبەت پڕۆفیسۆر جەیمس بەمبێرگی زانکۆی کامبریدج و، پڕۆفیسۆر چارلس تریپ لە زانکۆی کامبریدج، پڕۆفیسۆر تۆبی دۆج لە زانکۆی لەندەن، پڕۆفیسۆر دەنیز نەتالی و، پڕۆفیسۆر بریان گیبسۆنی زانکۆی لەندەن، گرتوەو، کەماسییەکانی بەرهەمەکانیانی بە شرۆڤەیەکانی زانستیانە دەست نیشان کردوە. ئینجا بە دوو مێتۆدۆلۆژیای زانستیی، نالۆژیکی ناوەڕۆکی بەشێک لە بەرهەمەکانی پڕۆفیسۆر و توێژەرانی کورد، عەرەب و فارسی، خستۆتەڕو، کە تێزەکان و توێژینەوەکانیان لێوانلێون لە کاڵوکرچی لە لێکدانەوەدا، کەڵەکەکردنی سەرچاوەو وەسفکاریی و، بەرهەم نەهێنانی بیرۆکەی نوێ.

پاشان بە پێی بەکارهێنانی سەرچاوە بنەڕەتییەکان، باسێکی شیکاریی-بەڵگەنامەیی لەسەر کوردستان، کورد و ناسیۆنالیزمەکەی خستۆتەڕو. لەگەڵ ئەوەی توێژینەوە ڕەسەنە سەلمێنراوەکانی کنەوپشکنینەکانی زانایانی کامبریدیج و ئۆکسفۆرد لە بارەی شوێنەوارەکانی کوردستان، بەکارهێناوە. ئینجا ناوەرۆکی کتێبەکانی سترابۆو زەینەفونی لەسەر کورد لێکداوەتەوە. دواتر بەڵگەی نوێی خستۆتەڕو کە وشەکانی (کوردستان و کورد) لە پاش ساڵی ٧٠٠ زاینییەوە، بونیان هەبوە.


پاشان، بۆ یەکەمجار بەڵگەی نوێی سەردەمی سوڵتان سەلەحەدینی ئەیوبی خستۆتەڕو، کە لە بەڵگەکان دا کوردبونی سەلاحەدینی ئەیوبی ساغکراوەتەوەو، ئاماژە بەوەش دراوە: ئەو زەمەنە زۆرینەی دانیشتوانی شاری تکریت کورد بون و، سنوری کوردستانی ئەو سەردەمە (کوردستان، وەک؛ نیشتیمان و وڵات، نەک وەک؛ دەوڵەت) تکریتیشی لەخۆگرتوە.


دواتر گەنگەشەیەکی بنکۆڵکاری-بەڵگەنامەیی لەسەر کاریگەرییەکانی (خاک، کلتور، ژن، عەشیرەت و، ئایینەکان) لەسەر ناسیۆنالیزمی کوردیی، کردوەو، لەگەڵ بەکارهێنانی تێزەکانی بیریارانی خۆراوایی سەبارەت بە ناسیۆنالیزمی کوردیی، بیرۆکەکانی خۆشی خستۆتەڕو.



٢-لە چاپتەری دووەمی تێزەکەیدا، دکتۆر شەریف تەرکیزی لەسەر دۆزینەوەو شیکارکردنی ئەو ئامانجە بوە: "چۆن و بۆچی باشوری کوردستان بۆ بەریتانیا زۆر گرنگ بوە؟".
ئەم چاپتەرەی بۆ دوو تەوەرە دابەش کردوە. لە تەوەرەی یەکەم دا، شیکاری بۆ تێگەیشتنی ئینگلیزەکان لەسەر کورد و کوردستان کردوە، کەی بەریتانییەکان یەکەم ستراتیژیان بەرانبەر باشوری کوردستان داڕشتوە، چۆن و بۆچی؟
لەم تەوەرەدا، دکتۆر شەریف، تەواوی سەرچاوەکانی پڕۆفیسۆر و دکتۆراکانی پێش خۆی لەسەر ئەم پرسە بەدرۆخستۆتەوەو، دەیان بەڵگەی پێشتر بەکارنەهاتوی ئینگلیزەکانی بۆ سەلماندنی بیرۆکە نوێیەکانی خستۆتەڕو، کە تێگەیشتنی ئینگلیزەکان بۆ کورد لە سەردەمی سەلاحەدینی ئەیوبییەوە دەست پێ دەکات.



لەم تەوەرەدا، گرنگترین ئەو پڕۆفیسۆر و دکتۆرانەی کە دکتۆر شەریف هەڵە زانستییەکانی بەرهەمەکانی بەوردی سەرهەڵماڵیون ، ئەمانەن: (پڕۆفیسۆر دێریک هۆپ وود لە زانکۆی ئۆکسفۆرد کە گەورە شیکەرەوەی سیاسیی کاروباری خۆرهەڵاتی ناوەڕاستیشە لە کەناڵی بی-بی-سی ئینگلیزی، پڕۆفیسۆر ئۆستن مەکلێری، دکتۆر ئیلهان کیلیک، پڕۆفیسۆر ماریۆن سلۆگلێت، پڕۆفیسۆر ماریۆن پیتە سەرۆکی پەیمانگای خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، پڕۆفیسۆر ئیحسان کەیماز، دکتۆر سەعد ئەسکەندەر لە زانکۆی لەندەن کە نوێنەری دەوڵەتی عێراقە لە یونیسکۆ و، تێزی دکتۆرای دکتۆر سەباح غالیب لە زانکۆی ئێکستەری بەریتانیا).



لەم باسەدا، دکتۆر شەریف سەدان بەڵگەی پێشتر بەکارنەهاتوی دانسقەی ئینگلیزەکانی لەبارەی کورد، دۆزیوەتەوەو، بە میتۆدی ڕەخنەی زانستیی، لێکیداونەتەوە، کە یەکەم پەیوەندی میرەکانی کورد و پاشاکانی ئینگیزی لە سەدەی شانزەدا ئاشکرا کردوەو، بۆ یەکەمجار، چەند بەڵگەیەکی پێشتر بەکارنەهاتوی ئینگلیزەکانی خستۆتەڕو کە، دەستەواژەی (نەتەوەی-کورد) Kurdish-Nation لە سەدەی شانزەوە لە پەیوەندییەکانی نێوان میرە کوردییەکان و پاشاکانی بەریتانیادا هاتوەو، تێیدا ناوی کوردستان هێنراوە کە ویلایەت بە ویلایەتی لەلایەن میرێکی کوردەوە بەڕێوە براوە.
ئەم بەڵگانە هێندە بەهادارن، قۆناغی ناسیۆنالیزمی کورد چەندین سەدە دەبەنە پێشەوە. هەروەها، ئەمە دەیسەلمێنێت کاتێک دەستەواژەی (نەتەوەی-کورد)، کوردستان و، ناسیۆنالیزمی کورد، هەبون، هێشتا دەستەواژەی (نەتەوەو ناسیۆنالیزم)ی زۆرێک لە نەتەوەکانی تر بونی نەبوە. چونکە ئینگلیزەکان لەگەل وشەی کورد دا، وشەی نەتەوە Nation یشیان پێوە گرێدراوە لەگەڵ باسی حوکمی میرەکانی کورد دا.



پاشان، دکتۆر شەریف دەیان بەڵگەی خستۆتەڕو کە ئینگلیزەکان لە سەدەی حەڤدەوە، نەوتی کەرکوکیان دۆزیوەتەوە. ئەمەش دەیکاتە یەکەم توێژەر کە پرسێکی ئاوا بۆ ئەو سەردەمە بگەڕێنێتەوەو ئاشکرای بکات و، بە میتۆدی ڕەخنەی شیکاری وردکارانە شەن و کەویان بکات. لە بەڵگەکانی ئینگلیز دا هاتوە، کەرکوک شارێکی کوردییەو ڕێژەیەکی زۆر کوردی جووی تێدایە، لەگەڵ ڕێژەیەکی کەمتر کوردی مەسیحیی، کاکەیی و زەردەشتیی. نەوتەکەی ڕۆژانە دەبرێت بۆ ویلایەتی بەغدای عوسمانیی بۆ ڕوناکردنەوەی ماڵان لە شەودا. ئەمەش وایکردوە بێکاری لە شارەکەدا بونی نییە و خەڵکەکەی سەرقاڵی بازرگانی نەوت و شتومەک، پیشەسازی دەستیی، کانزاکاریی، کشتوکاڵ و ئاژەڵدارین. عەرەبەکانی ویلایەتەکانی بەغداوشام و تورکەکانی ئاسیای بچوک کە زۆربەیان بە دەست برسێتییەوە دەناڵێنن، پەیتا پەیتا ڕو لە شارەکە دەکەن بە ئامانجی باشکردنی دۆخی ئابورییان.



تێزەکە چەندین بەڵگەی ناوازەی ئینگلیزەکانیشی لەسەر شاری موسڵ خستۆتەڕو، کە دەیسەلمێنن ناوەندی شارەکە دانیشتوانەکەی کورد بون و، بونیادی گەرماوە کوردییەکانی ناو بازاڕی ناوەندی شاری موسڵ سەرنجی ئینگلیزەکانی ڕاکێشاوه کە کوردیان بە نەتەوەیەکی زۆر دێرینی خاوەن شارستانییەتێکی دەوڵەمەند لە قەڵەم داوە کە لەو کاتەدا بە بازرگانیکردنی شتومەک و نەوت (نەوت بۆ ڕوناکردنەوەو دروستکردنی سابون) و ئاژەڵدارییەوە، سەرقاڵبون. هەروەها ئینگلیزەکان بە ئەسپی کوردی کرماشانیی زۆر سەرسام بون.



ئینگلیزەکان زۆر سەرسامی دەوڵەمەندی کلتوری کورد بون، بەتایبەت بەدرێژایی ناوچە جیاوازەکانی کوردستان، ژنانی کورد توانیویانە بە چل شێواز جلوبەرگی کوردی بدورن. ئەمە وایکردوە ئینگلیزەکان بڕوایان وابێت کورد نەتەوەیەکن لەناونابرێن؛ چونکە دەوڵەمەندترین کلتوریان لە چاو نەتەوەکانی خۆرهەڵات هەیەو ئەو کلتورە ناسڕدرێتەوە. کاتێک باسیان لە کلتور کردوە؛ دەوڵەمەندیی زمانی کوردیشیان بە بەشێک لە ڕەگەزەکانی ناو کلتوری کورد داناوە. 



تێزەکەو ئاشکراکردنی یەکەم ستراتیژی ئینگلیزەکان بەرانبەر باشوری کوردستان


بە پێی شیکاریکردنی بەڵگە ئینگلیزییەکان لەلایەن دکتۆر شەریفەوە، لە سەدەی حەڤدەوە، بەریتانییەکان سەدان سیخوڕی خۆیان لە ناو باشوری کوردستان ڕواندوە، بەتایبەت بەڵگەنامەکانیان باسی هەواڵنێرەکانیان دەکەن لە ناو کوردە مەسیحییەکان دا. ئامانجی ئینگلیزەکان بریتی بوە لە دروستکردنی پەیوەندی دۆستانەو دورمەودای هاوڕێیەتیی لە نێوان کورد و ئینگلیزەکان بۆ ئەوەی کوردەکان هاوکاریان بن لە پرۆژە فراوانخوازییەکانیان دا.

لە سەدەکانی هەژدەو نۆزدەشدا، ئینگلیزەکان، زۆربەی ئەفسەرە سیاسیی و سەربازییە ئەزموندارەکانیان دەنێرن بۆ ئەوەی پەیوەندییەکی پتەو لەگەڵ باشوری کوردستان بنیاد بنێن بۆ پرۆژە دورمەوداکەیان.

تەوەری دووەمی چاپتەری دووەم: لەم باسەدا، دکتۆر شەریف  بە خستنەڕوی دەیان  بەڵگەنامەی کۆمپانیای هیندی خۆرهەلاتی-بەریتانیی و کۆمیتەی دی بۆنسنی بەریتانیی، بیرۆکەی نوێ دادەهێنێ و، ئارگیومێنتی سەرچاوەکانی پێشو بەدرۆدەخاتەوە کە داگیرکردنی باشوری کوردستان بۆ پەیماننامەی سایکس-بیکۆی ساڵی ١٩١٦ دەگەڕێننەوە.

لە تێزەکەدا، ئەوە شیدەکرێتەوە کە لە پاش ١٤ ی ١١ی ١٩١٤، شێخ مەحمود دەست دەکات بە کۆکردنەوەی جەنگاوەرانی کورد بۆ پشتیوانی فەتوای خەلیفەی عوسمانیی بۆ شەڕکردن دژی هێزەکانی بەریتانیا. بۆ ئەم ئامانجەش: عوسمانییەکان بە پارەو چەک هاوکاری شێخ مەحمود دەکەن و، شێخ مەحمود هەڵدەستێت هێزەکانی باشوری کوردستان بەرەو ویلایەتی بەسرەی عوسمانیی دەبات بۆ ڕوبەڕوبونەوەی هێرشی ئینگلیز بۆ داگیرکردنی میسۆپۆتامیا.


 لە تێزەکەدا، چەندین بەڵگەنامەی یەکلاکەرەوەی پێشتر بەکارنەهێنراو دەخرێتەڕو و شیدەکرێتەوە ، کە لە ڕۆژەی ٨ ی ٤ ی ١٩١٥، بەریتانییەکان هەڵدەستن بە پێکهێنانی کۆمیتەی دی بۆنسن کە سەرۆک وەزیرانی بەریتانیاو مارک سایکسیش ئەندامی کۆمیتەکە بون بۆ دیاری کردنی ستراتیژەکانیان و دابەشکردنی پشک بەسەر ئەو نەتەوانەی کە دۆستی بەریتانیا بون لە جەنگە جیهانییەکەدا. بە پێی سێ خاڵ کە بریتین لە (ستراتیژیی و جیۆپۆلەتیکی)، (ئابوری کە نەوت و بازرگانیشی لە خۆگرتوە)، لەگەڵ (هۆکاری سیاسیی)، بڕیار دەدەن بە داگیرکردنی باشوری کوردستان و بەستنەوەی بە ویلایەتە عەرەبییەکانی عوسمانییەوەو بەخشینی بە هاوپەیمانە عەرەبیەکانیان کە بنەماڵەی شەریفی مەکە بون لە حیجاز. تێزەکە بە وردی خاڵەکانی کۆمیتەی دی بۆنسنی لە بارەی باشوری کوردستانەوە لێکداوەتەوەو، نەخشەکانیشیانی خستۆتەڕو، ئاشکراکردنی ئەو خاڵانە بۆ پرسی کورد لە ئێستاش دا زۆر پێویستە.


دواتر دکتۆر شەریف، ڕەخنەی زانستی لە چەند بۆچونێکی پڕۆفیسۆر کەمال مەزهەر و ڕەسوڵ هاوار دەگرێت و، بە چەندین بەڵگەنامە بیرۆکەکانی خۆی دەسەلمێنێت.

٣-چاپتەری سێیەمی تێزەکە لەسەر: کودەتای عەبولکەریم قاسم و هەڵگیرسانی شۆڕشی ئەیلولە.

دکتۆر شەریف لەم بەشەدا، ڕەخنەی زانستی لە بەرهەمەکانی پڕۆفیسۆرەکانی زانکۆی سلێمانیی و پڕۆفیسۆرە خۆرهەڵاتیی و خۆراواییەکان دەگرێت کە هۆکاری کودەتاکەیان بۆ شکانی سوپاکانی عەرەب لە جەنگی عەرەب-ئیسرائیل گەڕاندۆتەوە. بەڵکو، بە خستنەڕوی چەندین بەڵگەنامەی دانسقە دەبێتە یەکەم ئەکادیمیست کە بیرۆکەیەکی نوێ بۆ هۆکاری کودەتاکەی عێراق دەخاتەڕو و، بیرۆکەکەی زۆر بە وردی شی دەکاتەوەو دەسەلمێنێت.

هەروەها، دکتۆر شەریف ڕەخنەی وردی زانستیی و فکریی لە بۆچونەکانی موشیل عەفلەق لەسەر کورد گرتوەو، لاپەڕە دوای لاپەڕەو، یەک لە دوای یەک، تێزەکانی عەفلەقی پووچ کردۆتەوە.
پاشان، بیرۆکەکانی پڕۆفیسۆری بەناوبانگی زانکۆی کامبریدج (جەیمس بەمبێرگ) و ڕاپۆرتەکانی کەناڵی بی بی سی، بەدرۆخستۆتەوەو، لێکدانەوەی نوێی لەسەر پەیوەندییەکانی قاسم و بەریتانیا و کورد، بە پشت بەستن بە چەندان بەڵگەنامەی نوێ، ئەنجام داوە.   
هەروەها، نالۆژیکیی بونی بۆچونەکانی (پڕۆفیسۆر پیتە هان)ی لەسەر هۆکارەکانی دروستبونی شۆڕشی ئەیلول  سەلماندوەو، وەک یەکەم توێژەر بیرۆکەیەکی نوێی، بە خستنەڕوی دەیان بەڵگەنامەی نوێ، لەسەر هۆکاری هەڵگیرسانی شۆرشی ئەیلول، بە وردی ساغکردۆتەوە.



٤-لە بەشی چوارەم دا، تێزەکە شیکاری دروستبونی پەیوەندی فەرمی نێوان ئیسرائیل و شۆڕشی ئەیلول و، کاریگەری ئەو پەیوەندییەی لەسەر هەڵوێستەکانی بەریتانیا بەرانبەر شۆڕشەکە، کردوە.

تێزەکە، زانیاری و هەڵسەنگاندنەکانی پێنج توێژەری ناوداری خۆراوایی لەسەر سەرەتای دروستبونی پەیوەندییەکانی شۆڕشی ئەیلول و ئیسرائیل، بەدرۆخستۆتەوە. بەڵکو توێژەر بە خستنەڕوی چەندین دۆکیۆمێنتی ناوازە سەلماندویەتی کە پەیوەندییەکە کەی و چۆن و بۆچی دامەزراوەو، پەیوەندییەکەی قۆناغ بە قۆناغ لەگەڵ دۆخە ناوچەیی و هەرێمایەتییەکەدا گرێداوەو شیکردۆتەوە.



پاشان بیرۆکەکانی پڕۆفیسۆر (برایان گیبسن)ی زانکۆی لەندەنی پوچەڵکردۆتەوەو، بە پشت بەستن بە دەیان بەڵگەنامەی نوێی بەریتانیی، ئایدیاو زانیاری نوێی سەبارەت بە هەڵوێستی بەریتانیا بەرانبەر بە کورد لە ساڵی ١٩٦٣ دا، ساغکردۆتەوە.

دواتر، ناوەڕۆکی بیست و دوو بەرگ لە بەرهەمەکانی خومەینیی، لەسەر پەیوەندییەکانی کورد و ئیسرائیل و بەریتانیا، لاپەڕە دوای لاپەڕە ڕەخنە کردوەو، دکتۆر شەریف دەیان بەڵگەنامەی (سی-ئای-ئەی، ساواک و، بەریتانیا)ی بۆ سەلماندنی ئایدیاکانی خستۆتەڕو.

پاشان، بۆچونی پڕۆفیسۆر و نوسەرانی کوردو عەرەب و فارسی سەبارەت بە چۆنێتی پەیوەندییەکانی (بەریتانیا و ئیسرائیل و کورد) بە میتۆدی شیکاریی، هەڵسەنگاندوەو، ڕەخنەی لە نالۆژیکی بونی ئایدیاکانیان و، کەماسیی لە زانیارییەکانیان، گرتوەو، بە چەندین بەڵگەنامەی نوێ پرسەکەی شیکردۆتەوە.

ئینجا، چەندین هەڵسەنگاندنی ڕەخنەی-لۆژیکیی لە هەڵوێستی بەریتانیا لە ١٩٦٢ تا ١٩٦٦ لە ڕوی سیاسیی و دبلۆماسییەوە، خستۆتەڕو. لە ڕوی سەربازیشەوە کە چۆن بەریتانیا هاوشانی عیراق-سوریاو میسر بەشدار بوە لە کیمیاباران و بۆمبارانکردنی کورد بەدرێژایی ئەو ساڵانە.



بۆ یەکەمینجار تێزەکە، بیرۆکەیەکی نوێی خستۆتەڕو کە چۆن بەریتانیا ستراتیژێکی تایبەتی لەگەڵ حکومەتی عێراق و جەمال عەبدولناسری سەرۆکی میسر داڕشتوە کە شۆڕشی ئەیلول بکاتە دوو بەشەوە، وەک پرۆژەیەکی دورمەودا لە پێناو ئەو ستراتیژەی کە کورد بە بەغداوە ببەستنەوەو، بیری سەربەخۆیی لە ناو باشوری کوردستان بەردەوام لاواز بکەن و، هەنگاوی جیابونەوە شکست پێ بێنن.

دواتر، جیاوازی لە ستراتیژی بەریتانیا بەرانبەر بە کورد لەگەڵ ستراتیژی ئیسرائیل بەرانبەر باشوری کوردستان، شارەزایانە ڕاڤە کردوەو، چەندین بەڵگەنامەی نهێنیی بۆ سەلماندنی شرۆڤەکانی خستۆتەڕو. 
بە پێی ئەو بەڵگەو ئارگیومێنتانە: بەریتانیاو ئیسرائیل دو ستراتیژی جیاوازیان بەرانبەر بە باشوری کوردستان هەبوە. تێزەکە ساغیکردۆتەوە، لەگەڵ ئەوەی ئیسرائیل دژی عەرەبەکان بوە، بەڵام دەسەڵاتی ئیسرائیل بۆ پشتیوانی پرسی کورد سنوردار بوە؛ چونکە بەریتانیاو ئێران و تورکیا زۆر دژی زەقبونەوەی پرسی کورد بون و، بەردەوام داوایان لە ئیسرائیل کردوە هاوکارییەکانی بۆ کورد سنوردارتر بکات. لەگەڵ ئەوانەش دا، تێزەکە دەیان بەڵگەی خستۆتەڕو کە چۆن ئیسرائیل نەخۆشخانەی لە باشوری کوردستان دروست کردوە، داودەرمان و پزیشکی بۆ ناردون و، مەشقی بە هێزەکانی پێشمەرگە کردوەو پڕچەکی کردون. بە جۆرێک ئەگەر یارمەتیی و پشتیوانییەکانی ئیسرائیل لە ١٩٦٤ بۆ ١٩٧٠ بۆ شۆڕشی کورد نەبایە: بەریتانیا-عێراق-سوریا-میسرو خۆبەخشانی فەلەستینی ڕەشەکوژکردنی زیاتریان بەسەر کورد دەهێنا.

زیاتر لەوانەش، هەمو هەنگاوە نهێنییەکانی بەریتانیای شیکردۆتەوە لە نزیکردنەوەی ئێران و عێراق لە ساڵی ١٩٦٣ تا ١٩٦٦ بە ئامانجی لەناوبردنی شۆڕشەکەی کورد.

٥-لە چاپتەری پێنجەم دا: پرسی کوردی لە دبلۆماسییەتی ئەنگلۆ-عێراقیی ١٩٦٦-١٩٧٠ لێکداوەتەوە.


لەم چاپتەرەدا، تێزەکە زۆر پرسی گرنگی شەن و کەو کردوەو، دیدی نوێی لە ڕاڤەکردنیان خستۆتەڕو. بەتایبەت ڕۆڵی ئیسرائیل لە شەری هەندرێن و، هەڵوێستی بەریتانیا لە شەڕەکەداو، دواتریش ڕێکەوتننامەی بەزاز و کاردانەوەکانی بەریتانیا لەو بارەیەوە.

ئینجا، هەڵەکانی چەندین پڕۆفیسۆری فارس و عەرەب و ئینگلیزی دیاریکردوەو، دەیان بەڵگەنامەی بۆ پشتیوانی لە بیرۆکە نوێیەکانی خستۆتەڕو.

زیاتر لەوانەش، تێزەکە، گورزی پێشمەرگە بە هاوکاری ئیسرائیل لە کێڵگە نەوتییەکان لە مانگی ئازاری ١٩٦٩ شیکردۆتەوە، کە بەو هێرشە زیانی گەورەیان لە بەرژەوەندییەکانی بەریتانیا لە عێراق داوەو، بیرۆکەی نوێی بۆ ڕاڤەکردنەکەی خستۆتەڕو، کە چۆن ئەو گورزە وایکردوە حکومەتی لەیبە پارتیی بەریتانیی، بە پێچەوانەی دو حکومەتەکەی پێشوی کەنسێرڤەتیڤەکانی بەریتانیا، هەنگاو بنێ. 

پاشان، لێکدانەوەو بیرۆکەی نوێی لەسەر هاتنی جۆرج براونی وەزیری دەرەوەی بەریتانیاو کۆبونەوەی لەگەل ئەحمەد حەسەن بەکر و سەددام حسێن و، هەڵماڵینی نهێنیی کۆبونەوەکانیان و، هاتنی لۆرد کیلبراکین، بە هەڵسەنگاندنی دەیان بەڵگەنامەوە، دیبەیت کردوە. کە چۆن و بۆچی بەریتانیا بەنهێنیی لەگەڵ سەددام حسێن بەشداربوە لە دیاریکردنی بەندەکانی ڕێکەوتنامەی ١١ ی ئازاری ١٩٧٠ دا، بە جۆرێک کە لە ڕوی یاساییەوە بە ناوەندیان گرێ بدەن.

ئینجا، کەماسییەکانی هەڵسەنگاندنەکانی زۆرێک لە پڕۆفیسۆرەکانی زانکۆکانی هارڤارد، کامبریدج، ئۆکسفۆرد، لەندەن و، ئەکادیمیستانی کورد، فارس و عەرەبی دیاریکردوەو، دکتۆر شەریف بە هەڵسەنگاندنێکی نوێ: بیرۆکەی نوێی لەسەر خاڵەکانی ڕێکەوتننامەی ١١ ی ئازاری ١٩٧٠، خستۆتەڕو.

٦-لە چاپتەری شەشەم دا (چاپتەری کەنکلوژن):

 
 دۆزینەوەو داهێنانە گرنگەکانی تێزەکە خراوەتەڕو. ئینجا بە وردی ڕاڤەی هەڵوێستی بەریتانیای کردوە لە ساڵانی حەفتاکان بەرانبەر بە پرسی کورد. هەروەها بە وردی هەڵسەنگاندنی بۆ ئەوەش کردوە چۆن و بۆچی دەزگای سی-ئای-ئەی لە ساڵی ١٩٧٢ بڕیاری داوە وەک (تەکتیک) هاوکاری شۆڕشی کورد بکات تا حکومەتی ناوەندی عێراق ناچار بە هەندێ سازش بکات بۆ بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و ئینجا فرۆشتنی شۆڕشی کورد! دواتر بە پشت بەستن بە دەیان بەڵگەنامەی نوێی بەریتانیی، بۆ یەکەمجار سکانداڵی حکومەتەکانی بەریتانیای ئاشکراکردوە کە بە نهێنیی چەکی قورس و دژە مرۆڤایەتییان بە هەردو دەولەتی ئێران و عیراق لە شەڕی ئێران و عێراق دا فرۆشتوە.

 پاشان تێزەکە سکانداڵێکی تری کۆبونەوەی نهێنیی پەرلەمانی بەریتانیی لەگەڵ حکومەتی بەریتانیی ئاشکراکردوە کە چۆن بەشێک لەو چەکانەی لە کیمیابارانی هەڵەبجەو ئەنفال بەکارهێنراون، بەریتانیا بە سەددامی فرۆشتوەو، ئەوانەشی بە ئێران فرۆشراون: ئێران دژی کوردی خۆرهەڵات بەکاریهێناوەو، سەلماندوشیەتی کە بەریتانیا بەدەر لە یاسا نێودەوڵەتییەکان ئەو چەکانەیان بە ئێران و عێراق فرۆشتوە. چونکە لە کۆبونەوە نهێنییەکانی حکومەتی بەریتانیادا دانیان بەوەدا ناوە کە بە نایاسایی ئەو چەکانەیان بۆ ئێران و عێراق ناردوە، کە بریتی بون لە: فڕۆکە شەڕکەرو بۆمبهاوێژەکانی هەوکەر هانتەر، تانک و دەیان جۆر بۆمبی دژە مرۆڤایەتیی. لەگەڵ کیمیابارانی هەڵەبجەش دا، هەوڵی حکومەتی بەریتانیا ئەوەبوە کە ئەو کەیسە لە ڕوی دبلۆماسییەوە کپ بکرێت، لەو هەوڵەشی دا سەرکەوتو بوە.


 دواتر ئەوەشی ساغکردۆتەوە کە چۆن و بۆچی بەریتانیا دژی ڕیفراندۆمی ساڵی ٢٠١٧ هەڵوێستی وەرگرتوە. لەگەڵ ئەوانەش دا، بەدرێژایی چاپتەری کەنکلوژن: چەندین بیرۆکەی نوێی بۆ توێژینەوەکانی داهاتو پێشنیار کردوە.

ئەم تێزە کە بیرۆکەکان و ناوەڕۆکەکەیمان بەنهێنیی هێشتەوە، تەنیا لەبەر ئەوەیە: تاوەکو لە زانکۆی کامبریدج تێزەکە بەشێوەی کتێب چاپ دەکەن؛ بڵاوکردنەوەی ناوەڕۆکی تێزەکە لە ڕوی یاساییەوە گەمارۆی خراوەتەسەر بۆ ماوەی سێ ساڵی داهاتو. بۆ ئەوەی هەتا دەکرێتە کتێب بیرۆکەو بەڵگەنامە داهێنەرانەکانی تێزەکە نەبردرێت. هەر بۆیە خۆمان پاراست لە بڵاوکردنەوەی ناوەڕۆک و ئاشکراکردنی بیرۆکە داهێنراوەکانی.

وەک سەرەتاش ئاماژەی پێ درا، تێزەکە، دەقاودەق، بە بێ پێشنیاری هیچ دەستکاریی و چاککارییەک تێیدا، وەک پرۆژەیەکی Unique  بێوێنەی ئۆریجناڵی داهێنەرانەی دکتۆرا، خەڵات کرا. کە لە زانکۆ بەناوبانگەکانی خۆراوا، تێزەکانی دکتۆرا ئەستەمە بگەنە ئەم ئاستی پێوەرە زانستییە کە بە بێ هیچ دەستکاریی و ڕاستکردنەوەیەک، وەک پرۆژەیەکی ڕەسەن ببەخشرێت.


ئەم تێزە کە بیرۆکەکان و ناوەڕۆکەکەیمان بەنهێنیی هێشتەوە، تەنیا لەبەر ئەوەیە: تاوەکو لە زانکۆی کامبریدج تێزەکە بەشێوەی کتێب چاپ دەکەن؛ بڵاوکردنەوەی ناوەڕۆکی تێزەکە لە ڕوی یاساییەوە گەمارۆی خراوەتەسەر بۆ ماوەی سێ ساڵی داهاتو. بۆ ئەوەی هەتا دەکرێتە کتێب بیرۆکەو بەڵگەنامە

پرۆفایلی دکتۆر شەریف عەلی



 لە ٢٤ ی ١١ ی ١٩٨٤ لە شاری هەڵەبجەی شەهید لە دایک بوە.
خوێندنی سەرەتایی، ناوەندی و ئامادەیی لە شاری هەڵەبجە تەواو کردوە.
دواتر، یەکەمی بەشی مێژووی زانکۆی سلێمانیی بوەو، لە سالانی ٢٠٠٩ تا ٢٠١١ نوێنەری خوێندکارە یەکەمەکانی زانکۆکانی کوردستان بوە.
لە ساڵی ٢٠١٢ بۆ ٢٠١٤ ماستەری لە زانکۆی لەندەن لەسەر: (ستراتیژی بەریتانیا لە خاکی ئەمریکا: چۆن بەریتانیا سیستەمی سیاسیی خۆی ڕواند لە خاکی ئەمریکا لە سەدەی حەڤدە)، بە پلەی (زۆرباشەی باڵا)، تەواو کردوە.
لە ٢٠٠١ ەوە دەستی بە نوسین لە ڕۆژنامەکانی کوردستان کردوەو، لە ٢٠٠٨ ەوە بەردەوام کتێبەکانی بە چاپ دەگەیەنێ.
لە ساڵانی ٢٠١٤ هەتا ٢٠١٩ بە میلاک مامۆستای زانکۆی سلێمانیی بوەو، لە هەمان کاتیش دا لە سێ زانکۆی تریش دا وانەبێژ بوە.
لە ٢٠١٩ سکۆلارشیپێکی جیهانیی بۆ خوێندنی دکتۆرا بردۆتەوە.
پاش شەش ساڵ لە خوێندنی دکتۆرای فوول-تایم، بە بێ پێشنیاری هیچ ڕاستکردنەوەیەک، تێزەکەی وەک پرۆژەیەکی ڕەسەنی دکتۆرای دانسقە؛ بەرزتری.



866 جار خوێندراوەتەوە