دیوانی چاودێری دارایی عێراق رایگەیاند، حکومەتی
هەرێم بە پاساوی تەواوکردنی کورتهێنانی موچە داهاتە نەوتییەکان رادەستی وەزارەتی
دارایی فیدراڵ ناکات، جەختیشدەکاتەوە 12 موچەی ساڵی 2024 بۆ فەرمانبەران نێردرا،
بەڵام حکومەتی هەرێم 11 موچەی دابەشکرد.
هەواڵ:KNNC
حەیدەر یوسف خەلخال، سەرۆکی لیژنەی وردبینی لە
دیوانی چاودێری دارایی عێراق، بە رۆژنامەی(سەباح)ـی راگەیاندوە، جیاوازی هەیە لە نێوان
دارایی فیدراڵی و وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێم لە دیاریکردنی موچەخۆران،وەزارەتی
دارایی فیدراڵی تێبینی زۆری دەستنیشان کردوە، بەتایبەتی لە مانگەکانی تەمموز و
ئابدا، لە ئەنجامی ئەو تێبینیانە هەندێک بڕە پارەی بڕیوە.
دەشڵێت: کۆی ئەو بڕە پارەیەی بۆ ساڵی 2024 بۆ هەرێمی
کوردستان دابینکرا، بۆ کۆی گشتی 12 مانگی تەواو، زیاتر لە 10 ترلیۆن دینار بوە بۆ
موچەخۆران، بەڵام حکومەتی هەرێم بە پاساوی بەشنەکردنی پارەکە تەنها 11 موچەی خەرج
کرد.
بەوتەی حەیدەر یوسف، تامانگی شوباتی ئەمساڵ، لەرێگەی
شەش بانکەوە 273 هەزار موچەخۆر موچەکانیان وەرگرتوە کە دەکاتە 25%ـی کۆی موچەخۆرانی هەرێم.
دەشڵێت: پرۆسەی
تەوتینی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بەهۆی ناکارامەیی ئەو بانکانەی گرێبەستیان
لەگەڵکراوە، بەخاوی بەڕێوەدەچێت و وەک پێویست نییە.
سەبارەت بە موچەی
خانەنشینانیش، سەرۆکی لیژنەی وردبینی لە دیوانی چاودێری
دارایی عێراق دەڵێت: جیاوازی هەیە لە نێوان موچەی خانەنشینانی هەرێم و موچەی خانەنیشانی
حکومەتی فیدراڵی، بەهۆی جێبەجێکردنی یاسای خانەنشینی هەڵوەشێنراوەوە، بەڵام دوای ئەوەی
دادگای فیدراڵی بڕیارەکەی دەرکرد کە داوا دەکات یاسای خانەنشینی یەکگرتوو جێبەجێ
بکرێت، لیژنەیەک لە وەزارەتی دارایی فیدراڵی و هەندێک لە لایەنە پەیوەندیدارەکان لە
حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان پێکهێنراوە، كە راسپاردەی کۆتایی بۆ جێبەجێکردنی
یاسای خانەنشینی یەکگرتوو داناوە.
1014 جار خوێندراوەتەوە