سودانی: دەستپێشخەری بۆ چارەسەركردنی كێشە جۆربەجۆرەكانی ناوچەكە دەكەین

KNN : Kurdish News Network
11:03 - 02/05/2025
عێراق
+
-

عێراق تەنها میوانداری لوتکەی عەرەبی ناكات، بەڵكو سەرۆك وەزیرانەكەی دەڵێت: دەستپێشخەری بۆ چارەسەركردنی كێشە جۆربەجۆرەكانی ناوچەكە پێشکەش دەکات.


هەواڵ: (KNNC)


لەدیدرارێكی لەگەڵ میدیا ئەمەریكییەكاندا، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق رایگەیاند:  وڵاتەكەی تەنها میوانداری لوتکەی عەرەبی ناكات، بەڵكو دەستپێشخەری بۆ چارەسەركردنی قەیران، ئاڵنگاریی و كێشە جۆربەجۆرەكانی ناوچەكە  پێشکەش دەکات، بەبێ گوێدانە پرۆسەی سیاسی و شێوازی گۆڕانکاری.



وتیشی: یەكێك لە ئەو وڵاتانەی عێراق ئارەزو دەكات سەقامگیر بێت سوریایە، نەك تەنها عێراق بەڵكو زۆربەی وڵاتانی عەرەبی ئارەزو دەکەن بەسەر ئەو تاقیکردنەوەدا سەركەوتوبێت، بۆ ئەو مەبەستەش بەغداد پشتیوانی دیمەشق دەكات.

 

رونیكردەوە، عێراق پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێران و ئەمەریکا جیاکردۆتەوە، هەروەك وتیشی: گفتوگۆی نێوان تاران و واشنتۆن هەنگاوێکی گرنگە، سەرکەوتنی دانوستانەکانی نێوانیان رەنگدانەوەی لەسەر وڵاتانی ناوچەکە عێراقیش دەبێت.

 

راشیگەیاند: لەمەلەفی ئەمنی نێوان عێراق و ئەمەریکا، ئەزمونێکی سەرکەوتویان لە سەرکردایەتیکردنی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ روبەڕوبونەوەی داعش هەیە، بۆ بەردەوامی كاری هاوبەشیش هیوادارە خولی سێیەمی نێوان عێراق و ئەمەریکا لە بەغدا بێت.


سەرۆك وەزیرانی عێراق ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد؛ لەڕی ئابورییەوە عێراق پێشكەوتنی بەدەستهێناوە كە ئێستا قەبارەی وەبەرهێنانەکانی ناوخۆی وڵات بڕەكەی لە (88) ملیار دۆلار زیاتر بوە، ئەمە بێجگە لە ئەوەی كە وڵاتەكەی لە یەدەگی گۆگرد پلەی یەکەم و هەبونی فۆسفات لە پلەی دوەمدایە.

108 جار خوێندراوەتەوە