حەماس ڤیدیۆی بارمتەیەکی دیکەی بە برینداری بڵاوکردەوە

KNN : Kurdish News Network
08:18 - 03/05/2025
جیهان
+
-



لیواکانی قەسام، باڵی سەربازی حەماس  گرتەیەکی ڤیدیۆیی دیلێکی ئیسرائیلییان بڵاوکردەوە کە تیایدا، باس لەوە دەکات، دو جار بەر بۆردومانەکانی ئیسرائیل کەوتوە و دۆخی تەندروستی زۆر خراپە، داواش دەکات  هاوڵاتییانی وڵاتەکەی فشاربخەنە سەر نەتانیاهۆ بۆ وەستاندنی شەڕ.

هەواڵ:KNNC

ئەو بارمتەیە، کە وەک لە ڤیدیۆکەدا دەردەکەوێت بریندارە و دۆخی تەندرستی سەخت دیارە، ڕایگەیاندوە، دوای شاکاندنی ئاگربەست لەلایەن ئیسرائیلەوە، بەر بۆردۆمانی وڵاتەکەی خۆی کەوتوە و بە سوتفە ڕزگاری بوە.


ئاماژەی بەوەشدەکات،  نەتانیاهۆ راست ناکات، بەو  فشارە سەربازییانەی کە خۆی و حکومەتەکەی بانگەشەی بۆ دەکەن بۆ گەراندنەوە بارمتەکان، زیاتر ژیانیان دەخەنە مەترسییەوە.

 جەختیشی لەوە کردەوە کە ئەو لە دۆخێکی سەختدا دەژی و بریندارە،  دەرمان کەمە و وەک پێویست ناتوانێت چارەسەر وەربگرێت.

ئەو بارمتەیە باسی لە هاوکارێکی خۆی کردوە کە لەگەڵیدا دەستگیرکراوە و باس لەوەدەکات؛ لەکاتی بۆردومانەکەوە هیچ لەبارەیە نازانم، ئەو رو لە هاوڵاتییانی وڵاتەکەی دەکات و دەشڵێت؛ ئەگەر کوڕەکەی نەتانیاهۆ یان یەکێک لە وەزیرەکانی لە غەززە بوایە، دەستبەجێ ئەم شەڕە دەوەستا.


لە ڤیدیۆکەدا ناوبراو ئاماژە بەوەشدەکات؛ ئیسرائیل لە ڕۆژی سەربەخۆیی نزیک دەبێتەوە، نازانم چۆن ئاهەنگ دەگێڕن لەکاتێکدا 59 بارمەتی  زیندانی لە غەززە ماونەتەوە.، ئەم لێدوانەی دەرخەری ئەوەیە  ڤیدیۆکە پێش ئێوارەی 30ـی نیسان تۆمارکراوە. باسی لەوەشکردوە؛ "چۆن ئاڵا هەڵدەکەن ؟ چۆن ئاهەنگ دەگێڕن؟

ئەو بارمتەیە لە ڤیدیۆکەدا داوای لە هەمو  ئیسرائیلییەکان دەکات دەستبەجێ بۆ زیندانییەکان بڕژێنە سەر شەقامەکان و دژی ساسەتەکانی حکومەتەکەی نەتانیاهۆ بوەستنەوە.


بە  کۆمەڵگەی ئیسرائیل دەڵێت؛ "هەمو کەس دژی ئێمە و حکومەت و سەرۆک وەزیرانی ئەو وڵاتەن، ئێمە لە چاوی ئەواندا نین، هیچ کەسێک گرنگی پێنادات لە کوێین و چیمان بەسەر دێت، ئێوە خۆتان شاهیدی ئەوەن".

ئاماژەی بەوەشکردوە، "تکایە هاوکارمان بن، لێتان دەپاڕێمەوە، لە ماڵەوە دامەنیشن، مەهێڵن حکومەت ئەم دۆخە بەسەرتاندا بسەپێنێت".

ئەمە لەکاتێكدایە سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل چەند رۆژێک پێش ئێستا ڕایگەیاند؛ سەرکەوتن بەسەر حەماس دا لە کەرتی غەززە، گرنگترە و لە پێشترە لە ئازادکردنی بارمتەکان، جەختیشکردوەتەوە ئامانجی گەورە و کۆتییان  شکستپێهێنانی دوژمنەکانیانە و بەو ئامانجەش دەگەن.

لە دوای شکاندنی ئاگربەست لەلایەن ئیسرائیلەوە،  کەسوکاری بارمتەکان بەردەوام نەتانیاهۆ تۆمەتبار دەکەن بەوەی کە بە ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە کەرتی غەززە ژیانی بارمتەکان دەخاتە مەترسییەوە، هاوکات نوێنەری کەسوکاری بارمتەکان جەختی لەوە کردوەتەوە کە هەڵوێستی سەرۆک وەزیران پێچەوانەی هەڵوێستی زۆرینەی ئیسرائیلییەکانە.





702 جار خوێندراوەتەوە