ئەسغەر جەهانگیر،
وتەبێژی دەزگای قەزایی ئێران ڕایگەیاندوە؛ حوکمی لەسێدارەدان بۆ ئەمیر حسێن مەغسودلو
ناسراو بە ئەمیر تەتلۆ دەرچوە ، بەڵام تا ئێستا بڕیارەکە لەلایەن دادگای باڵای ئێرانەوە
یەکلایی نەکراوەتەوە و لەژێر پێداچونەوەدایە.
هەواڵ:KNNC
وتەبێژی دەزگای
قەزایی ئێران لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنامەنوسان ڕایگەیاندوە، تەتلۆ بە تۆمەتی
"هاندانی گەندەڵی و لەشفرۆشی" سزای 10 ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێنراوە و
لە ئێستادا حوکمەکەی بەسەر دەبات.
ئاماژەی بەوەشکردوە،
تەتلۆ بە تۆمەتی "سوکایەتیکردن بە شوێنە پیرۆزەکان" سزای 5 ساڵ زیندانی
بەسەردا سەپێندرابو، بەڵام سزاکە لەلایەن دادگای باڵا هەڵوەشێنرایەوە و ڕەوانەی هەمان
لق کرا بۆ دوبارە دادگاییکردن.
جەهانگیر ئاماژەی
بەوەشکردوە، "لقی شەش"ی دادگا تۆمەتی "سوکایەتیکردن بە شوێنە پیرۆزەکان"ی
بە سەلمێنراو زانی و بە ئاماژەدان بە ماددەی 262ی یاسای سزادانی ئیسلامی، سزای لەسێدارەدانی
بۆ ئەو گۆرانیبێژە دەرکرد.
بە گوتەی وتەبێژی
دەسەڵاتی دادوەری، بەهۆی تانەدانەکەوە، ئەم بڕیارە لە ئێستادا لە ژێر پێداچوونەوەدایە
لەلایەن دادگای باڵا و تا ئێستاش بڕیاری کۆتایی سەبارەت بە پشتڕاستکردنەوە یان هەڵوەشاندنەوەی
ڕانەگەیەندراوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، دوای ڕاگەیاندنی بڕیارەکەی
دادگای باڵا زانیاری پێویست لەباەری چارەنوسی هونەرمەندەکەوە دەخەنە ڕو .
ئەو هونەرمەندە ئێرانییە، کە لە کانونی دوەمی ساڵی 2023، دوای ئەوەی نزیکەی شەش ساڵ لە تورکیا ژیا و دواتر لەسەر داوای ئێران گەڕێندرایەوە بۆ ئەو وڵاتە.
تەتلۆ ڕوبەڕوی چەندین تۆمەتی جۆراوجۆر بوەتەوە، تۆمەتەکانی بریتین لە هاندانی گەندەڵی و لەشفرۆشی، سوکایەتی بە پێغەمبەری ئیسلام، چالاکیی دژی حکومەتی ئێران، بڵاوکردنەوەی ناوەڕۆکی قێزەون، دامەزراندنی سایتی گرەوکردن و تاوان دژی حەیا.
1006 جار خوێندراوەتەوە