ئەمرۆ چوارشەممە، نرخی
زێڕ ئاستێکی پێوانەیی تۆمارکرد و ئۆنسەیەک بە 3289 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت.
ئابوری:KNNC
ئەمڕۆ چوارشەممە،
لەگەڵ کردنەوەی بازاڕە داراییەکان نرخی یەک ئۆنسە زێڕ بەرێژەی (1.7%) بەرزبوەوە و
گەیشتە 3289.47 دۆلار.
هاوکات، بەپێی
داتاکانی ئاژانسی رۆیتەرز، نرخی ئایندەی زێڕی ئەمریکا بەڕێژەی 1.9% بەرزبوەوە و بۆ
یەکەمجارە ئاستی سێ هەزار و 300 دۆلاری تێپەڕاند.
تیم واتەر، شرۆڤەکاری
باڵای بازاڕ لە کۆمپانیای KCM Trade دەڵێت: دابەزینی
بەهای دۆلار، کاریگەری بەردەوامی لەسەر ناجێگیری بەهای زێڕ دەبێت.
پێوەرەکانی دۆلار بەڕێژەی
0.4% لە بەرامبەر ڕکابەرەکانی دابەزی، ئەمەش بووەتە هۆی زیادبونی خواست لەسەر زێڕ.
زێڕ، وەک وەبەرهێنانێکی
سەلامەت لە کاتی نادڵنیایی جیۆپۆلەتیکی و ئابوریدا سەیر دەکرێت، ئەمساڵ بەرزترین
ئاستی تۆمارکردوە و زیاتر لە 24% بەرزبونەوەی بەخۆیەوە بینیوە.
لاوازبوونی دۆلار و پەرەسەندنی
گرژییە بازرگانییەکانی نێوان چین و ئەمەریکا، نیگەرانییەکانی گەشەی ئابوری جیهانی بە
هۆکارە سەرەکییەکانی بەرزبونەوەی نرخی زێڕ دادەنرێن.
598 جار خوێندراوەتەوە