تەرزە و بارانی بەخوڕ بەردەوام دەبێت

KNN : Kurdish News Network
10:59 - 19/04/2026
کوردستان
+
-

بە وتەی شارەزایەکی کەشناسی، تا ئێوارەی رۆژی سێ شەممە کەشوهەوا ناجێگیر دەبێت و لەم ماوەدا تەرزە، بارانی بەخوڕ بەردەوام دەبێت و ئەگەری دروستبوونی لافاویش هەیە.

 

ئاراس جەبار شارەزای کەشناسی رایگەیاند: سبەی دووشەمە 20/4/2026 لەئەنجامی بەردەوامی حاڵەتی ناجێگیری کەش و بەرگەهەوا بەتایبەت لە کاتەکانی نیوەرۆ بۆ شەو، ئاسمانی هەرێم بە زۆری دەگۆرێت بۆ نیمچە هەور و هەوری تەواو و تەرزە و بارانی بەخوڕ و هەورە بروسکە بە شێوەی پچر پچر لەسەرجەم ناوچەکانمان دەستپێدەکاتەوە.

 

باسی لەوەشکرد: لەهەندێ شوێنیشدا ئەگەری دروستبوونی هەوری سوپەرسێڵ ئەبێت و تەرزە و بارانەکان زۆر بەخور ئەبن و ئەگەری دروستبوونی لافاو و بەرزبوونەوەی ئاستی ئاویش ئەبێت لەگەڵ سپی پۆشبوونی هەندێ شوێن لەئەنجامی بارینی تەرزەی بەهێز.

 

ئەو کەشناسە ئەوەشی خستووتەڕوو، کە بەهۆی هاتنی بارستە هەوایەکی فێنکتر لە دەریای ناوەراستەوە پلەکانی گەرماش بەڕاورد بە ئەمڕۆ 2 تا 3 پلە نزمدەبنەوە، خێرای با لەسەرخۆ و هەندێک کات مامناوەند دەبێت 10-25کم/ک ئاراستەی باکە لەگۆڕاندا دەبێت .

 

سەبارەت بە کەشوهەوای رۆژی سێ شەممەش ئاماژەی بەوەکردووە، کاریگەری ناجێگیری کەش بەلاوازی لەناوچەکانمان بەردەوام دەبێت و لەنێوان کاتەکانی نیوەرۆ بۆ ئێوارە ئەگەر هەیە لەهەندێ کات و شوێندا تاوە باران و هەورە بروسکە دروستببێتەوە و پاشان ئێوارەی سێشەممە کاریگەریەکانی زیاتر لاواز دەبێت و کەش و هەوا لەشەودا جێگیر دەبێتەوە".

290 جار خوێندراوەتەوە