بەرپرسانی ئەمریکی چەند نهێنییەک لەبارەی شەڕ و
لێدوانەکانی ترەمپ لەسەر ئێران ئاشکرا دەکەن و دەشڵین، ئامانجەکانمان لەو شەڕەدا
پێکاوە.
رۆژنامەی وۆڵستریت جورناڵ لە زاری بەرپرسانی
کۆشکی سپییەوە بڵاویکردەوە: واشنتن بە تامەزرۆییەوە چاوەڕێی دەستپێکردنەوەی دانوستانەکانە
لە ئیسلامئاباد و گەشبینن بەوەی لە رۆژانی داهاتوودا بەرەوپێشچوون لە گفتوگۆکانیان
لەگەڵ ئێران دێتەئاراوە.
سەبارەت بە کاتی شەڕەکەش ئەو بەرپرسانەی کۆشکی
سپی چەند زانیارییەکیان ئاشکرا کردووە و ئاماژە بەوەدەکەن، کە ترەمپ پێیوابووە
سەرکەوتن بە سەر ئێران دەبێتە دەرفەتێک بۆ ئەوەی بتوانێت شێوەی سیستمی جیهانی
بگۆڕێت.
وەک ئەوان دەڵێن ترەمپ زۆر لە خەمی ئەوەدابووە
کە لە شەڕەکەدا کەمترین زیانی گیانی بەر سەربازانی ئەمریکی بکەوێت و لەو رووەوە
دژی پلانی داگیرکردنی دوورگەی ستراتیژی خارکی ئێران وەستاوەتەوە، چونکە پێیوابووە بەو
کارە سەربازەکانیان دەبنە ئامانجێکی ئاسان بۆ هێزەکانی تاران.
نەک هەر ئەوە بەڵکوو سەرۆکی ئەمریکا سەرجەم ئەو
پلانانەشی رەتکردووەتەوە کە ئەگەریان هەبووە گیانی سەربازانی وڵاتەکەی بخەنە
مەترسییەوە.
سەبارەت بە
سەرکردایەتیکردنی شەڕ لە لایەن ترەمپیشەوە، بەوتەی ئەو بەرپرسانەی کۆشکی سپی،
سەرۆکی ئەمریکا سات بە سات بەدواداچوون و چاودێری بۆ شەڕەکە کردووە و لە رێگەی
ژمارە و ئامانجە پێکراوەکانەوە هەڵسەنگاندنی بۆ ئەنجامەکان کردووە.
جەختیان
لەوەشکردووەتەوە، کە ئامانجی سەرەکی شەڕەکە کە رێگری بووە لەوەی ئێران ببێتە
خاوەنی چەکی ئەتۆمی بەدیهاتووە و شەڕەکەشیان بە "ئەخلاقی" ناوبردووە.
لەکۆتاییدا
سەبارەت بەو پۆستەی ترەمپ تیایدا هەڕەشەی کاولکردنی ئێران و لەناوبردنی
شارستانیەتی ئەو وڵاتەی کردبوو، بەرپرسانی کۆشکی سپی ئەوەیان خستووەتەڕوو، کە هیچ
پلان و پرۆژەیەک لە پشت ئەو لێدوانەوە نەبووە و وەک ئەوەی کتوپڕ بە زاریدا هاتبێت
و لە سیاسەتی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکادا ئامانجێکی لەو جۆرە بوونی نەبووە و زیاتر
روونیان کردووەتەوە کە سەرۆکی ئەمریکا تەنیا ویستوویەتی بەو هەڕەشەیە ئێرانییەکان
بترسێنێت و ناچاریان بکات بە کۆتاییهێنان بە شەڕ.
103 جار خوێندراوەتەوە