ئەمریکا و ئێران سەرقاڵی دانوستانن لەسەر پلانێکی سێ لاپەڕەیی بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ، یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانیش بریتییە لە پێشنیازی ئازادکردنی ٢٠ ملیار دۆلار لە پارە سڕکراوەکانی ئێران لەلایەن ئەمریکاوە، لە بەرامبەر دەستبەرداربوونی تاران لە عەمبارکراوی یۆرانیۆمی پیتێنراو.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاندووە، پێدەچێت کۆتایی ئەم هەفتەیە شاندەکانی هەردوو وڵات گەڕی دووەمی دانوستانەکان بۆ واژۆکردنی ڕێککەوتنەکە ئەنجام بدەن. چاوەڕوان دەکرێت ڕۆژی یەکشەممە بە نێوەندگیریی پاکستان و پاڵپشتیی پشتی پەردەی میسر و تورکیا، کۆبوونەوەکە لە ئیسلام ئاباد بەڕێوەبچێت. سەرەڕای ئەوەی پێشکەوتنی باش هەبووە، بەڵام هێشتا ناکۆکیی گەورە لە نێوان هەردوولادا ماوە.
ئامانجی لەپێشینەی ئیدارەی ترەمپ ئەوەیە ڕێگری بکات لە دەستگەیشتنی ئێران بە نزیکەی دوو هەزار کیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێنراو کە لە دامەزراوە ژێرزەمینییەکانیدا شاردراوەتەوە، بەتایبەتی ئەو ٤٥٠ کیلۆگرامەی کە ڕێژەی پیتاندنەکەی دەگاتە ٦٠٪. لە بەرامبەریشدا ئێران پێویستی بە پارەیە؛ سەرەتا ئەمریکا ئامادە بوو تەنها ٦ ملیار دۆلار بۆ کڕینی خۆراک و دەرمان ئازاد بکات، بەڵام ئێران داوای ٢٧ ملیار دۆلاری دەکرد، لە ئێستاشدا دیارترین ژمارە کە گفتوگۆی لەسەر دەکرێت بڕی ٢٠ ملیار دۆلارە.
سەبارەت بە چارەنووسی یۆرانیۆمەکە، ئەمریکا داوا دەکات سەرجەم ماددە ئەتۆمییەکان ڕەوانەی واشنتن بکرێن، بەڵام ئێران تەنها بە کەمکردنەوەی ڕێژەی پیتاندنەکەی لە ناوخۆی وڵاتەکەیدا ڕازییە. بەپێی پێشنیازێکی مامناوەند، بڕیارە بەشێک لە یۆرانیۆمە پیتێنراوەکە ڕەوانەی وڵاتێکی سێیەم بکرێت و بەشەکەی تریشی لە ژێر چاودێریی نێودەوڵەتیدا لە ناوخۆی ئێران ڕێژەی پیتاندنەکەی کەم بکرێتەوە. هاوکات لە یاداشتە سێ لاپەڕەییەکەدا، ئەمریکا داوای ڕاگرتنی پیتاندنی ئەتۆمی دەکات بۆ ماوەی ٢٠ ساڵ، بەڵام ئێران تەنها بە ٥ ساڵ ڕازییە و نێوەندگیرەکانیش هەوڵی کەمکردنەوەی ئەو جیاوازییە دەدەن.
لەسەر ئەم پرسە، دۆناڵد ترەمپ بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، ئێران ڕازی بووە بە دەرکردنی "بەیاننامەیەکی زۆر بەهێز" کە تێیدا جەخت بکاتەوە لەوەی نابێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی و ڕازی بووە بە ڕادەستکردنی پاشماوە ئەتۆمییەکان. ترەمپ وتی: "زۆر نزیکین لە گەیشتن بە ڕێککەوتن، ئەگەر ڕێککەوتن نەکرێت، ئاگر دەستپێدەکاتەوە." هاوکات ئامادەیی خۆیشی دەربڕی بۆ درێژکردنەوەی ئاگربەستەکە کە بڕیارە لە ٢١ی نیسان کۆتایی بێت.
لە لایەکی دیکەوە، بەرپرسێکی ئەمریکی ئاماژەی بەوە کردووە: "ئێران نەرمی نوواندووە، بەڵام هێشتا بەس نییە، ئەوان ئەو ٢٠ ملیار دۆلارە و زیاتریشیان دەوێت بەبێ سزاکان، لە هەمان کاتیشدا دەیانەوێت بەرنامە ئەتۆمییەکەیان و پاڵپشتیکردنی گروپە چەکدارەکانی وەک حەماس بهێڵنەوە." کۆشکی سپیش جەخت دەکاتەوە کە دانوستانەکان بەرهەمدار بوون، بەڵام لە ڕێگەی میدیاکانەوە گفتوگۆ ناکەن.
بڕیارە ڕۆژی هەینی، نێوەندگیرەکانی پاکستان، میسر و تورکیا لە پەراوێزی کۆڕبەندێکی دیپلۆماسی لە تورکیا، لەگەڵ بەرپرسانی سعودیە کۆببنەوە بە مەبەستی چڕکردنەوەی هەوڵەکان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنی کۆتایی لە نێوان ئەمریکا و ئێران.
240 جار خوێندراوەتەوە