12 کەسیان بڕوانامەیان نییە... دامەزراندنی 28 کەس لە هەڵەبجە کاردانەوەی لێکەوتەوە

KNN : Kurdish News Network
11:37 - 27/11/2024
کوردستان
+
-

دامەزراندنی 28 کەس لە هەڵەبجە بەشێوەی گرێبەست، ناڕەزایەتی بەرفراوانی لێکەوتوەتەوە، سەرۆکی رێکخراوی ئاشتی لە هەڵەبجە دەڵێت: 12 کەسیان بڕوانامەیان نییە.

هەواڵ:KNNC

سەروەت محەمەد، سەرۆکی رێکخراوی ئاشتی و ئەندامی تیمی بەدواداچونی بەڵێنەکانی سەرۆکی حکومەت بە کەی ئێن ئێنی راگەیاند، دامەزراندنی 28 کەس راستەوخۆ بە بریاری سەرۆکی حکومەت و بە تەزکیەی حزبییە، 12 کەسیان تەنانەت بڕوانامەشیان نییە، بۆیە پرۆسەکە زۆر بە ناشەفاف دەزانن و داوا لە فەرمانگە پەیوەندیدارەکانی هەڵەبجە دەکەن، بڕیاری دەستبەکاربونیان بۆ نەکەن.

وتیشی: لە دوو ساڵی رابردو 429 کەس لە هەڵەبجە دامەزراون، لەو ژمارەیە تەنها 97 کەسیان بە شێوەیەکی شەفاف و بە مافی خۆیان دامەزراون، ئەوانی دیکە بە بڕیاری حزبی و تەزکییەی حزبی دامەزراون.

بەوتەی سەرۆکی رێکخراوی ئاشتی لە پارێزگای هەڵەبجە 15 هەزار دەرچوی دانەمەزراو هەن کە شایستەی دامەزراندنن، بەڵام دانامەزرێن.

جەختیشدەکاتەوە، وەک رێکخراوەکانی پارێزگای هەڵەبجە هەمو رێکارێک دەگرنەبەر بۆ رێگری لە دامەزراندن و دەستبەکاربونی ئەو 28 کەسە.

هاوکات، کاوە عەلی جێگری پارێزگاری هەڵەبجە رایگەیاند، ئەو 28 کەسەی بڕیاری دامەزراندنیان بۆ دەرچوە، لەدەرەوەی ئەنجومەنی راژە، هەوڵی دامەزراندنیان دراوە و بە پێوەر و رێکاری خاڵبەندی ئەنجومەنی راژە تێنەپەڕیون، ناوەکانیان لەرێگەی پارێزگای هەڵەبجەوە نەنێردراوە بۆ نوسینگەی سەرۆکی حکومەت، بەڵکو راستەوخۆ لەرێگەی لقی 12ـی پارتییەوە نێردراوە.

190 جار خوێندراوەتەوە