ئەمەریکا: كۆریای باكور 10 هەزار سەربازی رەوانەی روسیا كردوە

KNN : Kurdish News Network
08:12 - 28/10/2024
جیهان
+
-

وەزارەتی بەرگری ئەمەریكا رایدەگەیەنێت: بۆ مەشق و راهێنان و دواتر بەكارهێنانیان دژی ئۆكرانیا، كۆریای باكور نزیكەی (10) هەزار سەربازی رەوانەی روسیا كردوە، كۆریاش رەتی دەكاتەوە.

 

هەواڵ: (KNNC)

 

سابرینا سینگ، وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمەریكا (پنتاگۆن) رایگەیاند: بەمەبەستی مەشق و راهێنان و شەڕكردن لە ئۆكرانیا، کۆریای باکور نزیکەی (10) هەزار سەربازی رەوانەی روسیا کردوە كە پێشتریش بەشێک لەو سەربازانە لە ئۆکرانیا نزیکبونەتەوە.

 

وتیشی: ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمەریكا، نیگەرانە لە نیازی روسیا بۆ بەکارهێنانی سەربازە كۆرییەكان بۆ شەڕکردن یان پشتگیریکردن لە ئۆپەراسیۆنەكانی دژی ئۆکرانیا لە ناوچەی کۆرسکی روسیا.

 

وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمەریكا ئاماژەی بەوەکرد، ئەگەر سەربازەكانی كۆریا بۆ پشتیوانی و شەڕكردن بەكاربهێنرێن، ئەو كاتە ویلایەتە یەكگرتوەكان سنوردار لەسەر بەكارهێنانی چەکی ئەمەریکی لەشەڕەكەدا بۆ ئۆكرانیا لادەبات.

 

پێشتر ئەمەریكا هۆشداری دابوە لەوەی كە ئەگەر سەربازەكانی كۆریای باكور بۆ شەڕكردن دژی ئۆكرانیا بەكاربهێندرێت، کاردانەوەی لەسەر ئاسایشی ناوچەكە و هیندستان و زەریای هێمن دەبێت.

 

لای خۆشیەوە، وتەبێژی حكومەتی كۆریای باكور رەتی كردەوە كە سوپا و هێزی بۆ مەشق و راهێنان یان بۆ بەرەكانی جەنگ بۆ ناوچەی كۆرسكی روسیا رەوانە كردبێت.

216 جار خوێندراوەتەوە