چۆمان محەمەد: بزوتنەوەی گۆڕان تاكە هێزە دان بەهەڵەدا بنێت و داوای لێبوردن بكات

KNN : Kurdish News Network
06:15 - 01/10/2024
کوردستان
+
-

سەرۆكی لیستی (114)ـی بزوتنەوەی گۆڕان لە بازنەی سلێمانی دەڵێت: بزوتنەوەی گۆڕان تاكە هێزە دان بەهەڵەدا بنێت و داوای لێبوردن بكات، بەوەش هێنانە كایەی مۆدێلێكی نوێی سیاسییە لە هەرێمی كوردستان.


هەواڵ: (KNNC)


چۆمان محەمەد، كاندیدی ژمارە (1) و سەرۆكی لیستی (114)ـی بزوتنەوەی گۆڕان رایگەیاند: بزوتنەوەی گۆڕان لەلایەن خەڵكی هەرێمی كوردستانەوە هێزی پێدراوە، بۆیە خەڵك خاوەنی بزوتنەوەكەیە، یەكێك لە ئەو خاڵانەی وادەكات بزوتنەوەی گۆڕان لە لایەنەكانی دیكەی هەرێم جیابێت، گۆڕان تاكە هێزە كە دان بەهەڵەدا بنێت و داوای لێبوردن بكات، بەڵام حزبەكانی دیكە پاساو بۆ هەڵەكانیان دەهێننەوە.


كاندیدی ژمارە (1) و سەرۆكی لیستی (114)ـی بزوتنەوەی گۆڕان وتیشی: بزوتنەوەی گۆڕان داوای لێبوردنی كردوە لەبەر ئەوەی بەشداری لە حكومەتدا كردوە و نەیتوانیوە بەڵێنەكانی جێبەجێی بكات، بەوەش هێنانە كایەی مۆدێلێكی نوێی سیاسییە لە هەرێمی كوردستان، بۆیە خەڵكی هەرێمی كوردستان جیاوازی نێوان گۆڕان و حزبەكانی دیكە دەكات.


چۆمان محەمەد، كاندیدی ژمارە (1)ـی بزوتنەوەی گۆڕان رونیكردەوە؛ گۆڕان خۆی دەزانێت كە هەڵەی كردوە، بەڵام بەراورد بە هەڵەی حزبەكانی دیكەی هەڵەی گۆڕان بچوكە، هاوڵاتیان و گۆڕانخوازان سزای بزوتنەوەكەی داوە، بۆیە بزوتنەوەی گۆڕان بڕیاری داوە كە هەڵەكانی راستبكاتەوە و بەپاڵپشتی هەڵسوڕاوە ناڕازییەكانی پەڕەیەكی نوێ هەڵدەداتەوە، لەسەر رێباز و دیدی رەوانشاد نەوشیروان مستەفا بەردەوام دەبێت و لەمەودوا لەسەر هەمو پرسەكان هەڵوێستی جدی دەبێت.


چۆمان محەمەد، كاندیدی ژمارە (1) و سەرۆكی لیستی (114)ـی بزوتنەوەی گۆڕان ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، لەبانگەشەی هەڵبژاردن بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان، دروشمی هەمو حزبەكان  روخانی یەكترە، بەڵام كارنامەی گۆڕان بونیادنانەوە و گۆڕانكرییە.

118 جار خوێندراوەتەوە