ئیسرائیل هێرشێكی بێ پێشینەی بۆسەر حزبوڵا ئەنجامدا

KNN : Kurdish News Network
04:51 - 17/09/2024
جیهان
+
-

ئیسرائیل توانیویەتی خۆی بخزێنێتە ناو ئامێری پەیوەندییەكانی نێوان ئەندامانی حزبوڵای لوبنانی و هاكی بكات، دوای تەقاندنەوەی ئامێرەكان لەیەك كاتدا، سەدان ئەندام بریندابون و میدیا عەرەبییەكان برینداربونی بەرپرسێكی باڵای ئێرانیان پێشتراستكردەوە، لای خۆشیەوە وەزیری تەندروستی لوبنان ئاشكرایكرد؛ لە روداوەكەدا هەشت گسیان لەدەستدان و برینداربونی زیاتر لە دو هەزار و (700) كەس تۆماركراوە.

هەواڵ: (KNNC)

 

ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بڵاویكردەوە؛ بەبەكارهێنانی تەكنەلۆژیای ئاست بەرز ئیسرائیل توانیویەتی بەوردی چاودرێی هەمو گفتوگۆكانی ئەندامانی حزبوڵا بكات، دواترش سەرجەم ئەو ئامێرانە نزیكەی (500) دانەبون، بەدەست ئەندامەكانەوە، تەقاندەوە كەبەهۆیە سەدان ئەندامی ئەو حزبەی برینداركرد.

 

لای خۆشیەوە، كەناڵی جەزیرە، رایگەیاند: بەپێی زانیارییە سەرەتاییەكان لە روداوی تەقاندنەوەی ئامێری پەیوەندییەكانی نێوان ئەندامانی حزبوڵای لوبنانی ژمارەیەكی زۆر برینداربون و پێدەچێت ژمارەیەك لە ئەندامی پلەباڵای ئەو حزبە لەنێو بریندارەكاندا بێت.

 

هاوكات، كەناڵی عەرەبییە ئاشكرایكرد؛ بەپێی زانیارییەكان یەكێك لە برینداربوانی روداوەكە باڵیۆزی ئێرانە لەلوبنان.

 

وەزارەتی تەندروستی لوبنان ئاشکرای کرد کە ژمارەیەکی زۆر بریندار رەوانەی نەخۆشخانەکان کراون، داواش لە هاوڵاتیان دەکات دور بکەنەوە لە ئامێر بێتەلەکان.

 

ئاشكراشیكردوە، تەقینەوەی ئامێرەکانی پەیوەندیکردنی نێوان ئەندامانی حزبوڵا، سەرجە ئامێری ناوچەکانی گەڕەکی باشوری بەیروت و بێکاعی گرتوەتەوە، كە ئەمە گەورەترین هاككردنی ئامێرە ئەلییكترۆنییەكاندا لەمیژوی لوبناندا.

 

پێشتر، رادیۆی فەرمی ئیسرائیل ئاماژەی بۆ ئەوەكردوە؛ یۆئاڤ گالانت، وەزیری بەرگری ئەو وڵاتە، سەرپەرشتی كۆبونەیەكی چڕی سەبارەت بە سیستەمی بەرگری و ئەمنی ئەندامانی حزبوڵای لوبنانی ئەنجامداوە.

 

دواتر لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا فیراس ئەبیەز، وەزیری تەندروستی لوبنان ئاشكرایكرد، ژمارەی قوربانیانی تەقینەوەی ئامێرە بێتەلەكان لە لوبنان و سوریا  گەیشتە هەشت گیان لە دەستدان و برینداربونی دو هەزار و (750) كەسی دیكە، ئاماژەی بۆ ئەوەشكردوە، بارودۆخی تەندروستی (200) لە بریندارەكان سەختە.

 

لەراگەیەندراوێكدا، حكومەتی لوبنان رایگەیاند: هاككردنی ئامێرەكانی پەیوەندی كردن لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە پێشهاتێكی مەترسیدارە.

1441 جار خوێندراوەتەوە