سەرۆک کۆماری ئێران
جەخت دەكاتەوە؛ كۆماری ئیسلامی ئێران مافی خۆیەتی وەڵامی هێرشەكانی ئیسرائیل بداتەوە.
هەواڵ: (KNNC)
ئاژانسی هەواڵی
میهری ئێران، بڵاویكردوەتەوە؛ لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ کاردیناڵ پیترۆ
پارۆلین، سەرۆک وەزیرانی ڤاتیکان مەسعود پزیشكیان، سەرۆك كۆماری ئێران رایگەیاندوە:
هێرش و پەرلامارەكانی سوپای ئیسرائیل بۆسەر غەززە و کوشتنی ژن و منداڵ و جینۆسایدكردنی
دانیشتوانی غەززە، تیرۆرە، لەبەر ئەوەی هێرش دەكەنە سەر خەڵكی بێتاوان لە نەخۆشخانە
و قوتابخانەکان و ئەو كەمپانەی ئاوارەکان تیایدا دەژین.
راشیگەیاندوە:
دوای تێپەڕینی (10) مانگ لەجەنگی غەززە، تا ئێستا وڵاتانی جیهان نەیانتوانیوە ئیسرائیل
ناچار بە راگرتنی جەنگ بكەن، بەپێچەوانەوە ئەمەریكا و ژمایەك لە وڵاتانی رۆژئاوا بەبێدەنگیان
لەئاستی ئەو تاوانانەی ئیسرائیل بەرامبەر خەڵكی فەلەستین ئەنجامی دەدات، پشتیوانی
كۆمەڵكوژییەكەی ئەو وڵاتە دەكەن.
مەسعود پزیشكیان
جەختی كردەوە، بە كوشتنی ژنان، منداڵ و پەلاماردانی نەخۆشخانە و قوتابخانەکان
هەروەها بەئامانجگرتنی میوانی کۆماری ئیسلامی ئێران، هەمو یاسا نێودەوڵەتییەكانی
پێشێلكردوە، بۆیە بەپێی هەمو پێوەر و یاساكان ئێران مافی خۆیەتی وەڵامی دەستدرێژکارەکە
بداتەوە.
رۆژنامەی ئەلجەریدەی كوەیت ئاشكرایكردبو؛ لە بەرامبەر
هێرش نەكردنە سەر ئیسرائیل، ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمەریكا پێشنیاری بۆ ئێران
كردوە كە بەشێك لە سزاكانی سەر ئەو وڵاتە هەڵدەگرێت و ئامادەیە گفتوگۆكانی
سەربارەت بە ئەتۆم دەستپێبكاتەوە، سەرۆك كۆماری ئێرانیش رایگەیاندبو: لەدوای
پێکهێنانی کابینەکەی، بەمەرجی راگرتنی جەنگ لە غەززە، وەڵامی پێشنیارەكەی ئەمەریكا
دەداتەوە، بەڵام لەلایەن رابەری باڵای كۆماری ئیسلامی ئێرانەوە داوا لە پزیشکیان
کراوە کە؛ زۆر بەخێرایی وەڵامی نامەكەی ئەمەریكا بداتەوە.
بەمەبەستی
ئامادەبون لە رێوڕەسمی سوێند خواردنی مەسعود پزیشكیان، سەرۆك كۆماری ئێران و
دەستبەكاربونی، كۆتایی مانگی حەوت (تەمموزی 2024) ئیسماعیل هەنییە، بەرپرسی
مەكتەبی سیاسی بزوتنەوەی حەمماسی فەلەستینی سەردانی تارانی كرد، بەڵام لەلایەن
سوپای ئیسرائیلەوە بەئامانج گیرا.
261 جار خوێندراوەتەوە