شەرع: لە ئێستادا سووریا لە باشوورەوە تا باکوور یەکیگرتووەتەوە و سەرچاوەی ئاسایشی ناوچەکەیە

KNN : Kurdish News Network
04:24 - 23/09/2026
جیهان
+
-

سەرۆکی سوریا ڕایگەیاند، وڵاتەکەی قۆناغی چاکبوونەوە و هەستانەوەی دەستپێکردووە و دوای کۆنتڕۆڵکردنی چەک و یەکخستنەوەی سوپا، ئێستا سوریا لە باکوورەوە تاوەکو باشوور یەکیگرتووەتەوە. هاوکات ئاشکرایکرد، پرۆسەی دادپەروەریی قۆناغگواستنەوە لە وڵاتەکەدا بە فەرمی دەستیپێکردووە.

 

لە وتارەکەیدا لە کۆبوونەوەی ساڵانەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان سەرۆکی سوریا ئاماژەی بەوە کرد، هەوری سزاکان بەسەر وڵاتەکەیەوە نەماون، ئەوەش دوای هەڵوەشاندنەوەی "یاسای قەیسەر" و دەرهێنانی ناوی سوریا لە لیستی ئەو وڵاتانەی پاڵپشتیی تیرۆر دەکەن. ڕوونیشیکردەوە، پرۆسەی بەرهەمهێنان لە زیاتر لە سێ هەزار هێڵی بەرهەمهێناندا دەستیپێکردووەتەوە و سوریا لەسەر بنەمایەکی بەهێزی سەروەریی نیشتمانییەوە دەستی بە دروستکردنی پردی هاوبەشی کردووە، بەوەش بە هەموو جیهانی سەلماندووە کە ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە سوریاوە سەرچاوە دەگرێت.

 

لە بەشێکی دیکەی وتەکانیدا سەبارەت بە پێشێلکارییەکانی ئیسرائیل، سەرۆکی سوریا جەختی لەوە کردەوە کە جۆلان وەک خاکی سوریا دەمێنێتەوە و بەپێی بڕیارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان هەموو هەوڵەکانی لکاندنی ئەو ناوچەیە بەتاڵن. لەکاتێکدا پابەندبوونی وڵاتەکەی بە ڕێککەوتنی ساڵی 1974 دووپاتکردەوە و داوای کشانەوەی ئیسرائیلی لە خاکەکانیان کرد، ڕایگەیاند؛ ئیسرائیل نزیکەی 500 هێرشی ئاسمانی و تۆپهاوێژی و زیاتر لە هەزار و 200 پێشێلکاریی زەمینیی بەرامبەر سوریا ئەنجامداوە، بەڵام دیمەشق بە توندی هەوڵە بەردەوامەکانی ئیسرائیل ڕەتدەکاتەوە بۆ سەپاندنی ئەمری واقیع بەسەر سوریادا.

66 جار خوێندراوەتەوە