ئێران بۆ وڵاتانی دراوسێی: گەشتە ئاسمانییەکانمان قەدەغە بکەن، فڕۆکەخانەکانتان پەکدەخەین

KNN : Kurdish News Network
04:54 - 23/09/2026
جیهان
+
-

موحسین ڕەزایی، سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران ڕایگەیاند، عەباس عێراقچی حەوت مەرجی ئێرانی ئاراستەی نێوەندگیرەکانی نێوان تاران و واشنتن کردووە و جەختیش دەکاتەوە، تاوەکو ئەو مەرجانە قبوڵ نەکرێن و جێبەجێ نەکرێن، گەرووی هورمز ناکرێتەوە و هیچ دانوستانێکیش ئەنجام نادرێت و دیپلۆماسییەت هەنگاوێک ناگەڕێتەوە دواوە.

 

لە لێدوانەکانیدا، سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران هێرشی توندی کردە سەر دۆناڵد ترەمپ و وتارەکەی لە نەتەوە یەکگرتووەکان بە "گەمژانە" و "بەرگریکردن لە تاوانبارێکی شکستخواردوو" وەسف کرد. ئاماژەی بەوەش کرد، لە چەند کاتژمێری داهاتوودا سەرۆک کۆماری ئێران وەڵامی لێدوانەکانی سەرۆکی "خەیاڵپڵاو"ـی ئەمریکا دەداتەوە، هاوکات هۆشداریشیدا کە ترەمپ خۆی درکی بەوە کردووە تاوانبارە و، لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆدا ناتوانن سەلامەت دەرباز بن. ڕوونیشیکردەوە، تاران سەلماندوویەتی کە ئەمریکا ناتوانێت ڕووبەڕووی ببێتەوە و لە داهاتووشدا واشنتن لە شەڕی لەگەڵ دوو زلهێزە ڕکابەرەکەیدا کێشەی گەورەی بۆ دروست دەبێت.

 

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ڕەزایی ئاشکرای کرد کە وڵاتەکەی خەریکی ئەندازیاریی پێچەوانەیە بۆ ژێرئاوگەڕێکی ئەمریکی کە توانای هەیە تا قووڵایی شەش هەزار مەتر لە زەریاکاندا بگەڕێت و زۆر بەنرخە، پێشبینیشی کرد لە داهاتوودا چەند وڵاتێک بە ملیاران دۆلار داوای تەکنەلۆژیای ئەو ژێرئاوگەڕە لە ئێران بکەن. سەبارەت بە گەشتە ئاسمانییەکانیش هۆشدارییەکی توندی دا و ڕایگەیاند: "ئەگەر وڵاتانی دراوسێ ڕەزامەندی لەسەر قەدەغەکردنی گەشتە ئاسمانییەکانی ئێران بدەن، ئەوا فڕۆکەخانەکانی خۆشیان پەکایان دەکەوێت و چیتر ناتوانن کار بکەن".

129 جار خوێندراوەتەوە