پزیشکیان: ئامادەین بۆ گفتوگۆ لەگەڵ ئەمریکا، بەڵام دەستبەرداری مافەکانمان نابین

KNN : Kurdish News Network
05:49 - 23/09/2026
جیهان
+
-

مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران، لە کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان هێرشی توندی کردە سەر ئەمریکا و ئیسرائیل و ڕایگەیاند، وڵاتەکەی قوربانیی تیرۆرە نەک تیرۆریست. هاوکات جەختی لەوە کردەوە کە ئێران بۆ بەرگریکردن لە خۆی مۆڵەت لە هیچ لایەنێک وەرناگرێت و دەستبەرداری مافی بەکارهێنانی وزەی ئەتۆمیی ئاشتیانەش نابێت.

 

لە میانی وتارەکەیدا، پزیشکیان وەڵامی لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپی دایەوە و وێنەی منداڵە قوربانییەکانی بۆردومانەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلی بۆ سەر خوێندنگەکانی (میناب) و (لامەرد) بەرزکردەوە، کە لە کاردانەوەی ئەمەدا شاندی ئەمریکا هۆڵی کۆبوونەوەکەیان جێهێشت. سەرۆک کۆماری ئێران ئاماژەی بە کوژرانی زیاتر لە 80 هەزار کەس لە غەززە کرد وەک نموونەیەک بۆ جینۆساید، و ڕایگەیاند؛ ئەوانەی لە جیهاندا بانگەشەی مافی مرۆڤ دەکەن، خۆیان فەرماندەر و ئەنجامدەری سەرەکیی تیرۆر و تێکدانی ئاسایشی ناوچەکەن.

 

سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی وڵاتەکەی، پزیشکیان ڕەخنەی لە دووڕوویی نێودەوڵەتی گرت و ڕایگەیاند، لە کاتێکدا ئیسرائیل خاوەنی چەکی ئەتۆمییە و ڕێگە بە پشکنەرانی نێودەوڵەتی نادات، بەڵام پشکنین لە ئێران دەکرێت و سزای بەسەردا دەسەپێندرێت. دووپاتیشیکردەوە کە هەڵوێستی تاران ڕوونە؛ نە چەکی ئەتۆمییان دەوێت و نە قبوڵیش دەکەن لە زانستی ئەتۆمی بێبەش بکرێن. لە کۆتاییدا هۆشداریدا کە هەڕەشەکانی ئەمریکا گەلی ئێران یەکگرتووتر دەکات و ڕایگەیاند، ئێران ئامادەی گفتوگۆی یەکسانە، بەڵام هەرگیز زمانی زۆرەملێ قبوڵ ناکات و بۆ بەرگریکردن لە خاکەکەی لە هیچ شەڕێک ناترسێت.

52 جار خوێندراوەتەوە