لیژنەی نەوت و غاز: پێویستە سووتەمەنی بە هەمان نرخی عێراق بگاتە دەست هاووڵاتیانی هەرێم

KNN : Kurdish News Network
02:12 - 22/09/2026
جیهان
+
-

لیژنەی نەوت و غازی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، دەرهاوێشتە و پێشنیازەکانی لیژنەی تایبەت بە کێشەی سووتەمەنیی هەرێمی کوردستانی ئامادە کرد و جەخت لەوە دەکاتەوە کە دەبێت سووتەمەنی بە هەمان نرخ و پێوەری پارێزگاکانی دیکەی عێراق بگاتە دەست هاووڵاتییانی هەرێم.

 

بەپێی ڕاگەیەندراوی لیژنەکە، دوو بژاردە خراوەتەڕوو؛ یەکەمیان، دەبێت کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکانی سەر بە وەزارەتی نەوتی عێراق، لە بەرامبەر وەرگرتنی (50) هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە، بەنزین و سووتەمەنی بۆ هەرێم دابین بکات بە هەمان پێوەر و نرخی پارێزگاکانی عێراق. بژاردەی دووەمیش ئەوەیە؛ ئەگەر بڕی نەوتی خاو بۆ هەرێم زیاد کرا، ئەوا دەبێت وەزارەتی نەوتی عێراق تێچووی بەرهەمهێنان و پاڵاوتن لەئەستۆ بگرێت، بۆ ئەوەی بەنزین بە هەمان نرخی ناوچەکانی دیکە بگاتە هەرێم.

 

لیژنەکە جەختی لەوەش کردووەتەوە کە لە هەردوو حاڵەتەکەدا (جا بەرهەمی پاڵێوراو دابین بکرێت یان نەوتی خاو)، دەبێت وەزارەتی نەوتی عێراق بە شێوازێک مامەڵە بکات کە نرخەکە هاوتای پارێزگاکانی عێراق بێت. هەروەها هەر پێوەرێک بۆ دیاریکردنی بڕ و پشکی پارێزگاکانی عێراق بەکاردەهێنرێت، دەبێت هەمان پێوەر بۆ هەرێمی کوردستانیش جێبەجێ بکرێت.

 

لە بەرامبەر جێبەجێکردنی ئەم خاڵانەشدا، لیژنەی نەوت و غاز ئاماژەی بەوە کردووە کە وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەند دەبێت بە دابەشکردنی سووتەمەنییەکە بەسەر هاووڵاتییاندا بە هەمان نرخی پارێزگاکانی دیکەی عێراق.

229 جار خوێندراوەتەوە