وەزارەتی دارایی عێراق، ڕونكردنەوەیەكی لەبارەی بودجەی ساڵی ڕابردو و دەنگۆی نەبونی پارەی نەختینە بڵاوكردەوە، جەخت دەكاتەوە لەوەى، دەنگۆی نەبونی پارەی نەختینە لە گەنجینەی وەزارەت دورە لە ڕاستییەوە.
هەواڵ:KNNC
لەو ڕونكردنەوەیەدا وەزارەتی دارایی عێراق، دەڵێت: لێدوانەكەی مستەفا گەرعاوی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لەبارەی نەبونی پارەی نەختینە بۆ ئەمساڵ كە ناتوانرێت موچە دابین بكرێت، ڕاست نییە و هیچ كێشەیەكی پارەی نەختینەیان نییە و موچە زامن كراوە.
وەزارەتی دارایی عێراق جەختیش دەكاتەوە لەوەى، دابینكردنی موچە لەكاری لەپێشینەیانە و مانگانە نزیكەی حەوت ترلیۆن و 500 ملیار دینار بۆ موچەی فەرمانبەران و خانەنشینی و چاودێری كۆمەڵایەتی و مینحەی چاودێری كۆمەڵایەتی و خاوەن پێداویستی تایبەت و خوێندكاران تەرخان دەكرێت.
وەزارەتی دارایی عێراق ئاماژەی بەوەش داوە، هەمو شایستە داراییەكانی ساڵی ڕابردو خەرجكراوە تاوەكو كۆتایی هاتنی ساڵی دارایی و پابەندن بەجێبەجێكردنی یاسای بودجە.
107 جار خوێندراوەتەوە