وەزیرانى بەرگریی
ئەمەریکا و ئیسرائیل بەئامانجگرتنى بنکە سەربازییەکانى ئەمەریکایان لە عێراق بە
پێشهاتێکى مەترسیدار ناوبرد و ئەمەریکاش جارێکى دیکە پشتیوانى خۆى بۆ بەرگریی لە
ئیسرائیل دوپاتکردەوە.
هەواڵ:KNNC
بەپێی بەیاننامەیەک کە
پنتاگۆن بڵاویکردوەتەوە، هەریەکە لە لوید ئۆستن وەزیرى بەرگریی ئەمەریکا و هاوتا
ئیسرائیلییەکەى یواف گالانت، لە پەیوەندییەکى تەلەفۆنیدا باسیان لە دوا
پێشهاتەکانى دۆخى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست کردوە و بەئامانجگرتنى هێزەکانى ئەمەریکاشیان
بە "پێشهاتێکى مەترسیدار" نابردوە.
بەپێی بەیاننامەکە، وەزیرى بەرگریی ئەمەریکا
جەختى کردوەتەوە کە پابەندییەکى نەگۆڕیان هەیە بە ئاسایشى ئیسرائیلەوە لە
هەڕەشەکانى ئێران و حیزبوڵاى لوبنان و گروپەکانى نزیک لە ئێران.
ئاماژە بۆ ئەوەشکراوە
کە هەردولا کۆک بون لەوەى کە هەر هێرشێکى چەکداریی چەکدارەکانى نزیک لە ئێران
بۆسەر هێزەکانى ئەمەریکا لە عێراق، مەترسییە و رۆڵى ناسەقامگیریی ئێران لە ناوچەکە
نیشاندەدات.
شەوى رابردو، بنکەى
سەربازیی عەین ئەسەد لە پارێزگاى ئەنبار بە دوو موشەک کرایە ئامانج، دواتر سەرچاوە
ئەمنییەکان ئەوەیان ئاشکرا کرد کە پێنج موشەک بۆ بەئامانجگرتنى بنکەکە
ئامادەکرابون، بەڵام سێ موشەکەکەى دیکە نەتەقیون، بەپێی ئەو زانیارییانەى بەرپرسیانى ئەمەریکا ئاشکرایانکردوە پێنج سەربازى ئەمەریکیی لەو هێرشەدا بریندار بون.
253 جار خوێندراوەتەوە