وەزارەتی
سەرچاوەکانی ئاوی عێراق ئاشکرایکرد، ئاستی ئاوی هەردوو ڕووباری دیجلە و فورات
بەراورد بە ساڵی ڕابردوو (2025) بەرزبوونەوەیەکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە، جەختیش
دەکاتەوە کە بەردەوامن لە ڕێکارەکانیان بۆ زیادکردنی یەدەگی ستراتیژی و ئامادەکاری
بۆ هەر شەپۆلێکی لافاو.
خالید شیمال،
وتەبێژی فەرمی وەزارەتەکە لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: بڕی ئەو ئاوەی
دەگاتە بەنداوی موسڵ گەیشتووەتە (٦٤١) مەتر سێجا لە چرکەیەکدا، لە کاتێکدا لە
هەمان ماوەی ساڵی (2025)دا تەنها (192) مەتر سێجا بووە. ئاماژەی بەوەشکرد، لە
ئێستادا یەدەگی ئاوی دەریاچەی بەنداوەکە دەگاتە حەوت ملیار و (250) ملیۆن مەتر
سێجا، بەراورد بە ملیارێک و (600) ملیۆن مەتر سێجا لە ساڵی ڕابردوودا.
سەبارەت بە
ڕووباری فورات، وتەبێژی وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاو ڕوونیکردەوە، ئەو ئاوەی دەگاتە
بەنداوی حەدیسە بۆ (896) مەتر سێجا لە چرکەیەکدا بەرزبووەتەوە، بەراورد بە (158)
مەتر سێجا لە ساڵی پێشوودا، لە کاتێکدا بڕی بەردانەوەی ئاو لە ئێستادا (500) مەتر
سێجایە لە چرکەیەکدا، بەرامبەر بە (375) مەتر سێجا لە ساڵی ڕابردوودا. ئەوەشی
خستەڕوو، داهاتی بەنداوی حەدیسە شەش هێندەی ساڵی ڕابردوو زیادیکردووە، ئەوەش
وایکردووە یەدەگی ئاو تیایدا بۆ پێنج ملیار و (100) ملیۆن مەتر سێجا بەرزببێتەوە،
بەراورد بە نزیکەی ملیارێک و (800) ملیۆن مەتر سێجا لە ساڵی (2025)دا، لەگەڵ
هەبوونی بۆشاییەک بۆ گلدانەوەی سێ ملیار مەتر سێجای دیکەی ئاو.
116 جار خوێندراوەتەوە