سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم رایگەیاند، دوای
10 ساڵ دابڕان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ، گەیشتنە لێکتێگەیشتن لەسەردۆسیەی موچەی
فەرمانبەران و هێزە ئەمنییەکان و داهاتی نەوتی و نانەوتی.
هەواڵ:KNNC
ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی
وەزیرانی هەرێم لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ماوەی 10 ساڵە لەگەڵ
حکومەتی فیدراڵ لەروی کارگێڕی و داراییەوە لەیەک دابراون بۆیە شەش بۆ حەوت مانگ،
ماوەیەکی زۆر کەمە بۆئەوەی بێ گرفت کێشەکانیان چارەسەر بکەن.
وتیشی: شاندی چاودێری دارایی عێراق هاتنە
هەولێر و سەردانی سەرجەم وەزارەتە ئەمنییەکانیان کرد، بە وردەکارییەوە ناوی تەواوی
هێزە ئەمنییەکانیان وەرگرتوە و سەرنج وتێبینییەکانیان بردوەتەوە بۆ بەغداد، داواش
کراوە هەتا چارەسەرکردنی ئەو گرفت و تێبینیانە موچەی هێزە ئەمنییەکان رەوانە بکرێت
و هیچ گرفتێکی بۆ دروست نەکرێت.
باسی لەوەشکرد، حکومەتی هەرێم ئامادەیە
تەواوی پابەندییەکانی خۆی جێبەجێ بکات و ماوەی سێ مانگیشە، 50٪ی داهاتی گومرگی و
50٪ی داهاتی باج رادەستی وەزارەتی دارایی عێراق دەکات.
سەبارەت بە موچەی خانەنشینان ئومێد سەباح
رایگەیاند، بۆ ئەم مانگە لیستی موچەی ئەو توێژەیان بە هاوتاکراوی رەوانەی بەغداد
کردوە، بەڵام تا ئێستا نازانن وەزارەتی دارایی فیدراڵ تەرخانکردنی دارایی بۆ دەکات
یاخود نا؟.
لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی
کوردستانیش سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران وتی: حکومەتی هەرێم هۆکاری دەستپێنەکردنەوەی هەناردەی نەوت نییە، بەڵکو گرفتەکە شایستە داراییەکانی
کۆمپانیاکانە، هەرکاتێک هەناردە دەستپێبکاتەوە نەوتی هەرێم لەرێگەی کۆمپانیای سۆمۆ-وە دەفرۆشرێت و داهاتەکەی دەچێتە خەزینەی گشتی عێراق.
274 جار خوێندراوەتەوە