ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاشكرایدەكات، نەكشانەوەی ئەمەریكا لە
عێراق پەیوەندی بەسێ هۆكارەوە هەیە، كە لە لاوازكردنی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرامبەر
بە ئیسرائیل، توانای عێراق بۆ یەكلایی كردنەوەی كێشەكان و ملكەچ نەبونی میللەت بۆ داگیركەران پێكهاتوە.
هەواڵ: (KNNC)
رەفیق ساڵحی، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران بەمیدیا عێراقییەكانی رایگەیاندوە:
كێشەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پەیوەستن بەیەكترییەوە، عێراقیش یەكێكە لە وڵاتانی
رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و راستەوخۆ پەیوەندی بە نەكشانەوی هێزەكانی ئەمەریكا هەیە،
چونكە ئەمەریكا وڵاتانی ناوچەكە بەرامبەر بە ئیسرائیل لاوازدەكات كە ئەوەش تاكە
رێگەیەكە بۆ تاڵانكردنی سامانی سەروژێری زەوی.
وتوشییەتی: ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمەریکا،
ویستی نییە كە عێراق سەقامگیری بەخۆیەوە ببینێت، لەبەر ئەوەی درک بە هێز و توانای عێراقییەكان بۆ یەکلایی
كردنەوەی پرسی فەلەستین كردوە، هەروەها عێراقییەكان گەلێکی ئازادن و هیچ كاتێك ملکەچی
کارنامەی وڵاتانی داگیرکارییان نابن.
ئەندامەكەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاماژەی بۆ ئەوەشكردوە، كۆتایی هێنان
بە هێزەكانی هاوپەیمانان بەسەرۆكایەتی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمەریكا، سیستەمی
ئاسایشی نەتەوەیی وڵات پتەوتر دەكات، هەروەها داواكاری و بڕیاری گەلە كە دەبێت كۆتایی
بە هێزە بێگانەكان لەسەر خاك بهێنردرێت، هەرلەبەر ئەوەشە ناوبەناو هێرش دەگرێتە
سەر بنكە و بارەگای هێزە بیانییەكان.
سوپای هاوپەیمانان و ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمەریكا لەعێراق بەسەر چەند
بنكەیەكی سەربازی جێگیركراون، كە هەزاران سەربازی شەڕكەر لەخۆ دەگرن.
237 جار خوێندراوەتەوە