بەهۆی زۆری بەكارهێنان... پێدانی كارەبای لە ئێران كەم بوەتەوە

KNN : Kurdish News Network
03:55 - 09/07/2024
جیهان
+
-

بەهۆى بەرزبونەوەى پلەکانی گەرما و زیادبونی خواست لەسەر بەکارهێنانی کارەبا، وەزارەتی کارەباى ئێران دوەم رۆژە لەسەر یەک تەزوى کارەبا لە چەند شارێک دەبڕێت، پەرلەمانتارێكی ئەو وڵاتەش دەڵێت؛ هەناردەی كارەبا بۆ وڵاتانی دراوسێ كەم دەكەینەوە.

 

هەواڵ: (KNNC)

 

وەزارەتی کارەباى ئێران بڵاویکردەوە، بەهۆى بەرزبونەوەى خواست لەسەر کارەبا بەتایبەتی ئەو شارانەى کەبەهۆى بەرزبونەوەی پلەی گەرمی بێ وێنەوە بەکارهێنان بەرز دەبێتەوە، دوبارە وێستگەکان روبەڕوى لۆدێکی زۆر دەبنەوە ئەوەش وادەکات ناردنی تەزوى کارەبا بۆ ماڵان بپچڕێت، بەتایبەتی لە پارێزگاکانی باشور و شارى تاران و قوم.

 

رونیكردوەتەوە، پێشتر خواست لەسەر بەكارهێنانی كارەبا (76) هەزار مێگاوات كارەبا بو، بەڵام لە رۆژی دوشەممەوە خواستەكە زیاتر لە پێنج هەزار مێگاوات زیادی كردوە، ئەوەش ئەو بڕەیە كە پارێزگایەكی وەك ئەسفەهان پێویستی پێییەتی.

 

محەمەد رەزا کۆجی، ئەندامی پەرلەمانی ئێران رایگەیاند: بەهۆی دوبارە بونەوەی پچرانی كارەبا لە شارەکانی ئێران، وادەكات قەبارەی هەناردەکردنی کارەبا بۆ وڵاتانی دراوسێ، لە نێویاندا عێراق كەمبكەینەوە.

 

وتیشی: پچڕانی کارەبا زیانی گەورە لە ئاوری دەدات و قەیرانی زۆر بەدوای خۆیدا دەهێنێت، زیانەكانی لە پیشەسازیدا دەبێتە هۆی بەرزبونەوەی نرخی بەرهەمەکان، لە کۆتاییدا هەمو خەڵک زیان دەكەن.

 

ئەندام پەرلەمانەكەی ئێران ئاماژەی بەوەکرد، داوا لە حكومەت و وەزیری وزە دەکەین پلانێکی وردی هەبێت بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە كە بەهۆی هەناردەکردنی کارەبا و بەدەستهێنانی دراوی بیانییەوە دۆخەی كارەبای گەیاندوە بەهاوسەنگی.

 

بۆ كەمكردنەوەی بەكارهێنانی، دەسەڵاتدارانی ئێران لە چەند شارێک بە تایبەت ئەو شارانەی پلەی گەرمایان زۆر بەرز دەبێتەوە، کاتەکانی دەوامیان دو كاتژمێر لە بەڕێوەبەرایەتییە حکومییەکان كەمكردوەتەوە.

118 جار خوێندراوەتەوە