ئەمەریکا: پێویستە تورکیا ئۆپەراسیۆنەکانى بە هەماهەنگى لەگەڵ حکومەتى هەرێم و فیدراڵ ئەنجام بدات

KNN : Kurdish News Network
10:02 - 09/07/2024
جیهان
+
-

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا رايگەیاند، داوایان لە حکومەتی تورکیا کردوە لەگەڵ بەرپرسانی عێراق و هەرێمی کوردستان هەماهەنگی بکات سەبارەت بەو ئۆپەراسیۆنانەی لە دەرەوەی سنوری وڵاتەکەی ئەنجامیان دەدات.

 

هەواڵ:KNNC


ماسیۆ میللەر، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: داوایان لە حکومەتی تورکیا کردوە هەماهەنگی هەبێت لە گەڵ بەرپرسانی عێراق و هەرێمی کوردستان لە کاتی ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنەکانیدا.

 

وتیشی: داوایان لە تورکیا کردوە، ئاگاداری هاوڵاتیانی سیڤیل و مەدەنى ناوچەکە بن و لە زیانی ئۆپراسیۆنە سەربازیەکان بیانپارێزیت.

 

تورکیا لە سەرتای ئەمساڵەوە لە پارێزگای دهۆک زیاتر لە 500 هێرش و بۆردومانی ئەنجام داوە و بە دەیان گوند چۆڵکراون و بەسەدانى تر مەترسی چۆڵکردنیان لەسەرە، ئەمە جگە لەوەى دەیان بارەگاى نوێیان لە خاکى هەرێمى کوردستان بنیاتناوە و سەدان سەربازیان رەوانەى خاکى هەرێمى کوردستان کردوە و لە 33 ساڵى رابردوشدا 702 هاوڵاتیی مەدەنییان شەهید کردوە.

 

لە 15ـى حوزەیرانەوە، تورکیا ئۆپەراسیۆنەکانى لە خاکى هەرێمى کوردستان و بەتایبەت پارێزگاى دهۆک چڕ کردوەتەوە؛ ئەمەریکا و وڵاتانى دیکەیش لەوبارەیەوە هیچ هەڵوێستێکى فەرمییان نەبوە، بە وتەى کامەران عوسمان، ئەندامى رێکخراوى سی پی تى ئەمەریکى؛ بێدەنگى ئەمەریکا لەبارەى ئەم هێرشانەوە دەگەڕێتەوە بۆ بێدەنگى هەردو حکومەتى هەرێم و فیدراڵ تایبەت بەم لەشکرکێشییانەوە، چونکە ئەوان هیچ لێدوانێکیان نەبوە و بێدەنگیان نەشکاندوە، بۆیە ئەمەریکاش هیچى لەوبارەیەوە نەوتوە.

283 جار خوێندراوەتەوە