مەسک پەشیمان بوەوە... بێ رێککەوتن لەگەڵ ئیسرائیل ئینتەرنێت ناداتە غەززە

KNN : Kurdish News Network
02:28 - 27/11/2023
جیهان
+
-

وەزارەتى گەیاندنى ئیسرائیل و ئیلۆن مەسک رێککەوتنێکیان لەبارەى گەیاندنى ئینتەرنێت بۆ غەززە ئەنجامداوە، ئەمەش دواى ئەوە دێت ئەو سەرمایەدارە جیهانییە بڕیاریدابو ئینتەرنێتى بێ بەرامبەر بۆ کەرتەکە دابین بکات.

هەواڵ:KNNC

شلۆمۆ کارهى، وەزیرى گەیاندنى ئیسرائیل لە تۆڕى کۆمەڵایەتیی ئێکس دەڵێت: پیرۆزبایی لە ئیلۆن مەسک دەکەم بۆ ئەو ڕێکەوتنە سەرەتاییە کە لەگەڵ وەزارەتەکەمان ئەنجامی داوە.

بەپێى وتەى ئەو وەزیرە ئیسرائیلییە، رێککەوتنەکە تایبەتە بە دابینکردنى ئینتەرنێت بۆ غەززە، دەڵێت: مەسک ناتوانێت بێ رەزامەندى بەرپرسانى ئیسرائیل ئینتەرنێتی ستارلینک بۆ کەرتی غەززەی دابین بکات.

وەزیری گەیاندنی ئیسرائیل جەختیش دەکاتەوە کە لە جەنگەکەیان لەگەڵ حەمماسدا، ئەو ڕێککەوتنە زۆر گرنگە، لە بەرامبەردا ئیلۆن مەسک هیچ رونکردنەوەیەکى لەبارەى ئەم رێککەوتنە بڵاونەکردوەتەوە.

ئەم رێککەوتنەى باسى لێوە دەکرێت لەکاتێکدایە، ئیلۆن مەسک خاوەنى تۆڕى کۆمەڵایەتی ئێکس و کۆمپانیاى سپەیس ئێکس دواى ئەوەى ئیسرائیل هێڵەکانى ئینتەرنێتى لەسەر کەرتى غەززە بڕى، بڕیاریدا بە دابینکردنى هێڵى ستارلینک بێ بەرامبەر، هەروەک بەهۆى هەڵوێستەکانیشییەوە کە دژى ئیسرائیلە ئەو سەرمایەدارە روبەڕوى چەندین زیان بوەتەوە.

385 جار خوێندراوەتەوە