ئاوارەیەکی شنگال بۆ بژێوی ژیان و پەرەپێدانى کلتورى لە کەمپ ئامێری ساز دروست دەکات

KNN : Kurdish News Network
01:46 - 14/08/2023
گەلەری
+
-

ئاوارەیەکی ئێزدیی کەمپی "بێرسڤ 2" لە سنووری قەزای شێخان سەر بە پارێزگای دهۆک، بۆ بژێوی ژیان و پەرەپێدانی بە کولتووری میوزیکی ناوچەکەی، کارگەیەکی بچووکی دروستکردنی ئامێری سازی دامەزراندووە و خۆی و خێزانەکەی و برازایەکی لە کارگەکەدا سەرقاڵی دروستکردنی ئامێری سازن.

گەلەرى: KNNC

ئەلیاس قولۆ خەڵکی شنگالە و تەمەنی 68 ساڵە، ئەو لە ژێر پلەی گەرمای 48 پلەی سیلیزییدا بە دەستە چرچ و لۆچەکانی خۆی بە لەرزەوە تەور لە داری گوێزی سازەکەی دەدات و دەڵێت"زیاتر لە پێنج ساڵە ئەم شوێنەمان دامەزراندووە تاکو ئێمە ھەم کارێکی ماڵەوەمان ھەبێت، ھەمیش کولتوری کۆنی ئێمە بە زیندوویی بمێنێتەوە".

بە وتەى ئەلیاس، ئەوان ھەم بۆ بژێوی ژیانیان و ھەمیش بۆ مانەوەی کولتووری باب و باپیرانیان ئەو کارە پەرە پێدەدەن.

لە کارگە بچوکەکەدا سێ جۆرى ساز دروست دەکەن، سازى کرمانجى تورکى و سورى، ئەوەی تورکی بە داری گوێز و ئەوەی سووری بە داری سادە و ئەوەی کرمانجی بە داری توو و گوێز دروست دەکەن.

ئەلیاس قولۆ کە لە دەست داعش ھەڵھاتووە و ئێستا لە ئاوەراییدا ژیان دەگوزەرێنێت دەڵێت "ئێمە بە نەھامەتی و بە سەختی توانیمان لە دەست تیرۆریستانی داعش ڕابکەین لە سەرەتادا کە ئێمەیان ھێنایە کەمپ ھەر بێکار بووین، بەڵام ئەوە پێنج ساڵە ئەو کارگەیەمان دامەزراندووە کە گەنجانی ئێمەیش لەماڵەوە بە بەتاڵی دانەنیشن و ئەو پیشەیەش فێربن".

ئەلیاس قولۆ لەبەر ئەوەی چووەتە ناو تەمەنەوە و توانای تەور لێدان و بڕینی دارەکانی کەمبووەتەوە لە ئێستادا، تەنھا سەرپەرشتی گەنجەکانی خێزانەکەی دەکات کە لە کارگەدا، سازن دروست دەکەن.

ئەلیاس قولۆ لەبارەی ئامادەکردنی سازەکان گوتی: " ھەر سازێک 18 بۆ 30 رۆژی پێ دەچێت، تاکو دروستی بکەین و ھەندێک جار بەپێی داواکاریی ئێمە دروستی دەکەین، نرخی سازەکانمان لە 30 ھەزار تا سەد و پەنجا ھەزار دینارە و ئەوانەی زیاتر سازی کرمانجی لە ئێمە دەکرن خەڵکی ئیزدین".

پیشەی دروستکردنی ئامێرەکانی میوزیک لەم ناوچەیە ھاوشێوەی نەتەوەکانی دیکەی ناوچەکە مێژوویەکی کۆنی ھەیە، دروستکردنی ئامێری سازیش پێویستی بە وردەکاری، شارەزایی ھەیە، بۆ ئەوەی جۆری سازەکان باشتربێت، زیاتر دارەکانی توو یان گوێز بەکاردەھێنن.

ئەلیاس قولۆ لەبارەی جۆری سازەکان ئەوەی خستەڕوو کە سێ جۆری سازیان ھەیە و گوتی: "ئێمە سازی تورکی، سازی سووری و سازی کرمانجی دروست دەکەین، زۆرترین ساز کە خواستی ئەو ناوچەیە، سازی کرمانجی یا شنگالییە و ئەوەی تورکی و سووریش کەسی تایبەت بەخۆی ھەیە، ئێمە تا ئێستا نزیکەی 100 سازمان فرۆشتووە لەبەر ئەوەی کە کڕیارەکانمان تایبەتن و بەپێی وەرزەکان، ساز دەکڕن، بۆ نموونە لە وەرزی زستاندا زیاتر خەڵکی ئێمە دێن و ساز دەکڕن، بەڵام لە وەرزی ھاویندا لەبەر سەرقاڵییان بە کاری کشتوکاڵی و دۆزینەوەی بژێوی ژیانیان لە ماڵەوە نامێنن، کەمتر ئامێری ساز دەفرۆشین".




466 جار خوێندراوەتەوە