بزوتنەوەى گۆڕان: شنگال پێویستی بە ئاوەدانکردنەوەیە، نەک بەکارهێنانی وەک ئامراز و ململانێی سیاسیی

KNN : Kurdish News Network
11:38 - 03/08/2023
کوردستان
+
-

بە بۆنەى تێپەڕینى نۆ ساڵ بەسەر کۆمەڵکوژیی و جینۆسایدى ئێزدییەکان بزوتنەوەى گۆڕان راگەیەنراوێکى بڵاوکردەوە و جەخت دەکاتەوە کە تا ئێستاش شنگال و ئێزدییەکان قوربانین و وەک ئامڕاز و ململانێی سیاسیى لەنێوان حکومەتى هەرێم و حکومەتى ئیتیحادى بەکاردەهێنرێن.

 

هەواڵ:KNNC

هەروەک داواش دەکات کە رێککەوتنى ئاساییکردنەوەى دۆخى شنگال جێبەجێ بکرێت و تەواوى ئاوارەکانیش بگەڕێنرێنەوە بۆ زێدى خۆیان و چارەنوسى بێسەروشوێنبوانیش یەکلایی بکرێتەوە.


دەقى راگەیەنراوەکەى بزوتنەوەى گۆڕان:


ئەمڕۆ، نۆ ساڵ بەسەر کارەساتی کۆمەڵکوژی ئێزیدییەکان لە شنگال تێدەپەڕێت، ئەم یادە کارەساتبارە لە یادەوەری هەمو کوردێک و خوشک و برایانی ئێزیدیدا برینێکی قوڵ و کراوەیە، هاوکات ئاسایینەکردنەوەی دۆخی شار و ناوچەکە و چارەسەرنەکردنی کێشەکانی خەڵک و خراپی ژیانی ئاوارەکانیش شوێنەواری ئەو کارەساتەی بە زیندویی هێشتووەتەوە.

کارەساتی جینۆسایدی خوشک و برا ئێزیدییەکان لە (٣ی ئابی٢٠١٤)، کە لە چەند رۆژێکدا بەهۆی پەلاماری چەکدارانی تیرۆریستی داعش بەهەزارانیان کۆمەڵکوژ و گولەباران و زیندەبەچاڵکران، هەزارانیش لە کچ و ژنی ئێزیدی ڕفێنران و خرانە بازاڕی کڕین و فرۆشتنەوە، چەندان ڕێگەی دیکەی تۆقاندن و زۆرلێکردن و ئاوارەکردن بۆ گۆڕینی ئاین و بیروباوەڕیان خرایەگەڕ، بەم تاوانەش زنجیرەی کۆمەڵکوژ و کارەساتە گەورەکانی سەر نەتەوەکەمان زیاتر کران.

لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی مایەی دڵخۆشییە، کە وڵاتانی ئەڵمانیا و بەریتانیا بە فەرمی جینۆسایدی ئێزیدییەکانیان ناساندوە و پشتیوانییەکی گەورەی نێودەوڵەتییان لەم دۆزە کردوە، بەڵام ئەم کارەساتە مرۆییە چاوەڕوانی کۆمەڵگەی کوردستان زیاتر دەکات بۆ پشتگیری و بە فەرمی ناساندنی ئەم کۆمەڵکوژییە لەلایەن وڵاتانی دیکە و پشتگیری زیاتری نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوە نێوەدەوڵەتیەکان.

لە ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستانیش، مایەی داخە شنگال و خەڵکەکەی تائێستاش قوربانین و وەک کارتی سیاسیی و ئامرازی ململانێی سیاسیی لەنێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی ئیتحادی و لایەنە سیاسییەکان بەکاردەهێندرێت، لەم سۆنگەیەوە داوا دەکەین، لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ بەپیرەوەچونی ڕاستەقینەی خەم و ئازارەکانی ئێزیدییەکان؛ چەند هەنگاوێکی کرداری بگرنەبەر، لەوانە؛

1. جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ئاسایکردنەوەی دۆخی شنگال لەنێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی ئیتحادی.

2. گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ زێدی باو و باپیرانیان و باشترکردنی شێوازی ژیانیان لە کەمپ و ئۆردوگاکان.

3. گەیاندنی دەستی خزمەتگوزاری و چارەسەرکردنی کێشەکانی خەڵک.

4. دیاریکردنی چارەنوسی بێسەرشوێنەکان و گێڕانەوە و بە ئازیزان شادکردنەوەی ئەوانەی لە ژیاندا ماون.

بزوتنەوەی گۆڕان
3ی ئابی 2023

174 جار خوێندراوەتەوە