یەكێتی لە ڕێی قوباد تاڵەبانییەوە یارمەتیی شاسوار عەبدولواحید دەدات
ئامانجی هاوبەشی پارتی و یەكێتی و شاسوار عەبدولواحید لاوازكردنی گۆڕانە
شاسوار عەبدولواحید چۆن هاتە ناو سیاسەتەوە؟ ئایا وەك خۆی دەڵێت
ئامانجی ئەوەیە رۆڵی ئۆپۆزسیۆنێكی بەهێز ببینێت، یان شەڕی بە وەكالەت بۆ
یەكێتی و پارتی دەكات؟
ئەگەر لە خۆی بپرسی وەڵامەكەی ئەوەیە كە دەڵێت: " من كەسێكی بازرگان و سەرمایەدارم، دەمەوێت لەڕێی سیاسەتەوە ئاستی خەڵك بۆ ئاستی خۆم بەرز بكەمەوە".
ئەگەر سەیری پەیجەكەی بكەن لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی فەیسبووك دەردەكەوێت، شاسوار عەبدولواحید لە نێوان ساڵانی ٢٠١١ بۆ ٢٠١٦ زۆربەی هەرە زۆری ئەو بابەتانەی بڵاویكردوەتەوە یان ریكلامە بۆ كۆمپانیای نالیا و یان خود باسی وەرزش و یاری تۆپی پێیە، لە ناوەڕاستەكانی ساڵی ٢٠١٦وە كەڵكەڵەی سیاسەت كەوتووەتە مێشكییەوە، ئەویش دوای ئەوەی حكومەت بڕیار دەدا كە دەبێت تا كۆتایی ٢٠١٦دا قەرزەكانی بداتەوە كە ئەو كاتە ٤٢ ملیۆن دۆلار قەرزاری حكومەت بوو.
شاسوار عەبدولواحید لەو سەروبەندەدا لە چەند شوێنێك باسی لەوە كردبوو ئەگەر بچێتە ناو سیاسەتەوە، ئەوا حكومەت ناوێرێ داوای قەرزەكانی لێبكاتەوە، چونكە لەو حاڵەتەدا بابەتی قەرزەكانی دەبێتە بابەتێكی سیاسیی و كەناڵی ئێن ئاڕتیش بەكار دەهێنێت بۆ ئەوەی رای گشتی لە بەرژەوەندیی خۆیدا دروست بكات، هەر لەو كاتەوە دەستیكرد بە ئەنجامدانی چاوپێكەوتنی تەلەفویزیۆنی، ناو بە ناو لە بەرنامەكانی كەناڵەكەی خۆی واتە ئێن ئاڕتی دەردەكەوت و پارتی و یەكێتی بە وردی چاودێری هەڵسوكەوتەكانی ناوبراویان دەكرد، لە كۆتایی ساڵی ٢٠١٦دا قوباد تاڵەبانی بە ئیمزای خۆی وەرگرتنەوەی قەرزەكانی لە شاسوار عەبدولواحید دواخست.
دوای ئەوەی نەشیروان مستەفا كۆچی دوایی كرد، شاسوار عەبدولواحید لە پەیجەكەی وێنەیەكی خۆی و نەوشیروان مستەفای بڵاو كردەوە و ئاماژەی بەوە دابوو كە ئەو میراتگری سیاسیی نەوشیروان مستەفایە، هەموو هەوڵی ئەوە بوو بۆشایی نەشیروان مستەفا لە بەرژەوەندیی خۆیدا بقۆزێتەوە.
هێشتا چلەی نەوشیروان مستەفا نەچووبوو لە بابەتی ریفراندۆمدا كەمپەینی نەخێر لە ئێستادای راگەیاند، لە چوارچێوەی ئەم كەمپەینەدا لەڕێی كەناڵی ئێن ئاڕتی و سۆشیال میدیاوە شەڕێكی راگەیاندنی لە دژی بزوتنەوەی گۆڕان دەست پێكرد، هەموو راپۆرت و بەرنامەكانی كەناڵی ئێن ئاڕتی بەو ئاراستەیەدا بوون كە گۆڕانیش وەك پارتی و یەكێتی وێنا بكات، یان بۆ ئەوەی خۆی زەق بكاتەوە لە راپۆرتەكانی ئێن ئاڕتی باس لەوە دەكرا كە لە كوردستاندا تەنیا دوو ئاراستەی سیاسیی هەیە، ئاراستەیەك كە مەسعود بارزانی سەرۆكایەتی دەكات و ئاراستەیەكیش كە شاسوار عەبدولواحید سەرۆكایەتی دەكات، ئێن ئاڕتی بۆ چەندین مانگ هەموو هەوڵی ئەوە بوو كە بە خەڵك بڵێت ئێستا شاسوار عەبدولواحید لە دژی بنەماڵەی بارزانی میراتگری ئیبراهیم ئەحمەد و جەلال تاڵەبانی و نەوشیروان مستەفایە، هەروەها بزوتنەوەی گۆڕانیش لە دوای نەوشیروان مستەفا كۆتایی هاتووە.
ئەم هەنگاوانەی شاسوار عەبدولواحید بە دڵی پارتی و یەكێتی بوون، بۆ نمونە لە بابەتی ریفراندۆمدا، گۆڕان و كۆمەڵی ئیسلامی باسی ئەوەیان دەكرد كە ریفراندۆم شەرعییەتی یاسایی نییە، كەچی شاسوار عەبدولواحید و كەناڵەكەی بە هاندانی خەڵك بۆ بەشداریكردن لە ریفراندۆمدا شەرعییەتی بە ریفراندۆم دەدا.
یەكێتی لە ڕێی قوباد تاڵەبانییەوە یارمەتییان دەدا و پارتیش لەڕێی مەسرور بارزانی و بەیان سامی عەبدولرەحمانەوە یارمەتیان دەدا، ئامانجی پارتی و یەكێتیش تەنیا یەك شت بوو، ئەوەیش لاوازكردنی گۆڕان و هێزەكانی ئۆپۆزسیۆن بوو، چونكە هەر دوو حیزبە دەسەڵاتدارەكە تا ئێستاشی لەگەڵدابێت پێیانوایە شاسوار عەبدولواحید تەنیا دەنگی گۆڕان بۆ خۆی دەبات.
لە كۆتایی ساڵی ٢٠١٧دا كاتێك خۆپیشاندانی مامۆستایان لە سلێمانی و چەندین شارۆچكەی دیكە دەستی پێكرد، شاسوار لە دەرەوەی وڵات بوو، بۆ ئەوەی سواری شەپۆلەكە بێت لەڕێی فڕۆكەخانەی بەغداوە گەڕایەوە، كەناڵی ئێن ئاڕتی و میدیای سێبەری پارتی و یەكێتی هەوڵیان دەدا وا لە خەڵك تێبگەیەنن ئەوا شاسوار عەبدولواحیدە كە رێكخەری خۆپیشاندانەكانە، بۆ ئەوەی ئەم بۆچوونە زیاتر لەناو خەڵكدا جێ بكەوێت، یەكێتی بڕیاری دەستگیركردنی ناوبراوی دەركرد، كاتێك گەیشتەوە سلێمانی هێزە ئەمنییەكان دەستگیریانكرد و لە بری ئەوەی وەك هەر هاوڵاتییەكی دیكە بیبەنە بەندیخانە، بردیانە ڤێلایەك لە سیتەك و قوباد تاڵەبانیش هەمان شەو سەردانی كرد، كە خۆی دواتر بێ ئەوەی ناوی قوباد تاڵەبانی بێنێت دانی بەوەدانا كە بەرپرسێكی باڵای یەكێتی سەردانی كردوە.
لەو كاتەدا بەرپرسێكی ئەمنی یەكێتی لە كۆبوونەوەیەكدا باسی ئەوەی كردبوو كە شاسوار عەبدولواحید نێعمەتێكە خودا بۆ یەكێتی ناردوە، هەر ئەو بەرپرسە باسی ئەوەش كردبوو كە بەو دەستگیركردنە چەند كورسییەكیان بۆ شاسوار مسۆگەر كردوە و ئەو كورسیانەش كورسی گۆڕانن.
هیچ زانیارییەك نییە لەسەر ئەوەی ئەو شەوەی كە قوباد تاڵەبانی سەردانی شاسوار عەبدولواحیدی كردوە باسی چیان كردوە، بەڵام بەپێی هەڵوێستەكانی دواتری شاسوار و راپۆرت و بەرنامەكانی كەناڵی ئێن ئاڕتیدا دەردەكەوێت كە یەكێتی پلانی ئەوەی هەبووە لە ڕێی ناوبراو و كەناڵی ئێن ئاڕتییەوە دژایەتیی بزوتنەوەی گۆڕان و بەرهەم ساڵح بكات، چونكە یەكێتی پێیوابوو هەرچەندە لەڕێی كەناڵەكانی خۆیەوە دژایەتی گۆران بكات ئەوا هیچ كاریگەرییەكی نابێت.
لە كاتی بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا، شاسوار عەبدولواحید هەموو هەوڵی ئەوەبوو لەڕێی میدیاوە خەڵك لە گۆڕان سارد بكاتەوە، یەكێتی و پارتیش بۆ ئەوەی قورسایی شاسوار زیاتر بكەن، لە سیناریۆی جۆراوجۆردا هێرشیان دەكرد سەر كۆبوونەوەكانی ناوبراو، بۆ ئەوەی لە خەڵك بگەیەنن كە پارتی و یەكێتی لە شاسوار دەترسن نەك لە گۆڕان.
شاسوار عەبدولواحید لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا پێچەوانەی بانگەشەكانی، كە خۆی وەك هێزێكی ئۆپۆزسیۆن دەناسێنێت، هەموو رەفتارەكانی لە بەرژەوەندی دەسەڵاتدا بووە، لە راستیدا بۆ دەسەڵات رۆڵی ئەسپی تەروادای بینیوە لەناو قەڵای ئۆپۆزسیۆندا، ئەركەكەشی لاوازكردنی گۆڕان و هێزەكانی ئۆپۆزسیۆنە، بە واتایەكی دیكە لەم هەڵبژاردنەدا قوباد تاڵەبانی و شاسوار عەبدولواحید بە دوو لیستی جیاواز دابەزیون بەڵام یەك ئامانجی هاوبەشیان هەیە، ئەویش لێدانە لە گۆڕان.
24577 جار خوێندراوەتەوە