25%ى ئەو کەسانەى توشى
جەڵتەى دڵ دەبن پێش گەیشتنیان بە نەخۆشخانە گیان لەدەست دەدەن، رۆژانەش لە سلێمانى
لانیکەم یەک بۆ دوو کەس بە جەڵتەى دڵ گیان لەدەست دەدەن.
دکتۆر. کاوە وسو
پزیشکى پسپۆڕى نەخۆشییەکانى دڵ لە نەخۆشخانەى بوژانەوەى دڵ لە سلێمانى بە (کەى ئێن
ئین)ـى راگەیاند: لەم ساڵانەى دوایدا نەخۆشى دڵ نەک لە کوردستان، بەڵکو لە تەواوى
جیهان زیادى کردووە.
ئەو پزیشکە پسپۆڕە
پێیوایە، زیادبونى نەخۆشییەکانى دڵ پەیوەستە بە گۆڕانى جۆرى ژیان، بەشێوەیەک ئێستا
جۆرى ئیشکردن و دانیشتن لە ئۆفێس و نەجوڵان، هەروەها جۆرى خواردنەکان کە زۆربەیان
خواردنى فاسفود و خیرایەو رێژەیەکى زۆر خوێ و چەورى تێدایە، جگەرە و نێرگەلە و قەلەقى
و سترێس، هۆکارى سەرەکى نەخۆشییەکانى دڵن.
ئاشکراشى کرد، رۆژانە
لە سلێمانى بەلایەنى کەمەوە یەک بۆ دو کەس بە جەڵتەى دڵ گیان لەدەستدەدەن، جگە
لەوەى لە نەخۆشخانەى بوژانەوەى دڵ رۆژانە سێ نەشتەرگەرى کرانەوەى دڵ و نەشتەرگەرى
قورس، ئەنجام دەدەن.
کاوە وسو رونى کردەوە،
رێژەى (25%)ى ئەو کەسانەى توشى جەڵتەى دڵ دەبن، بەر لە گەیشتنیان بە نەخۆشخانە، لە
ماڵەوە یان لە رێگە گیان لەدەستدەدەن، بەتایبەت لە گەنجاندا.
ئاماژەى بەوەشکرد، ئێستا
بووە بە مۆدێل گەنجەکانیش وەک پیرەکان جەڵتەى دڵ لێیان دەدات، 10 ساڵ لەمەوپێش زۆر
بە دەگمەن گەنجێک جەڵتەى دڵ لێى دەدات، بەڵام ئێستا گەنجان بەهەمان شێوەى
بەساڵاچوان توشى جەڵتە دەبن.
1696 جار خوێندراوەتەوە