هەموو شتێک تەواو بوو.. دەبابە بەرازیلییەکە ریاڵ مەدرید جێدەهێڵێت

KNN : Kurdish News Network
06:10 - 19/08/2022
وەرزش

راپۆرتە ڕۆژنامەوانییەکان ئاشکرایان کردووە، ئەمڕۆ هەینی مانچستەر یونایتد، گرێبەستەکەی لەگەڵ کارلۆس کاسیمیرۆی بەڕازیلی کۆتایى پێدێنێت و دەبابەکە لە سانتیاگۆوە بەرەو ئۆڵترافۆرد دەگوازێتەوە.

فابریزیۆ رۆمانۆ، پسپۆڕی بازاڕی گواستنەوەی یاریزانان لە ئەوروپا دەڵێت "کاسیمیرۆ بە بڕی 60 ملیۆن یۆرۆ دەچێتە یانەی مانچستەر یونایتد، جگە لەوەی 10 ملیۆن یۆرۆ وەک پاداشت لە گرێبەستەکەدا دانراوە، گرێبەستی یاریزانەکەش تا ساڵی 2027 دەبێت".

کارلۆ ئەنچیلۆتی راهێنەری یانەی ریاڵ مەدرید دووپاتیکردەوە کە تیپی شاهانە لە ماوەی گواستنەوەی هاوینەی ئێستادا رەزامەندی دەربڕیوە لەسەر جێهێشتنی کاسیمیرۆی بەڕازیلی.

ئەنچیلۆتی لەمیانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا کە ئەمڕۆ هەینی بەڕێوەچوو، وتی: من لەگەڵ کاسیمیرۆ قسەم کرد، ئەویش دەیەوێت تەحەدایەکی نوێ لە ژیانی وەرزشیدا تاقیبکاتەوە.

راهێنەرە ئیتاڵییەکە دەشڵێت: تا ئێستا دانوستانەکانی مانچستەر یونایتد بۆ بەشداریکردنی ئەو یاریزانە یەکلایی نەکراوەتەوە، بەڵام ئەو لە لیستەکە دەرچووە بۆ یاریی سێلتاڤیگۆ.

لە کاتێکدا ئیریک تین هاگ ڕاهێنەری مانچستەر یونایتد سەبارەت بە گرێبەستەکەی کاسیمیرۆ وتی: ئەم یاریزانە ئێستا لە تیپەکەمدا نییە، ناتوانم باسی بکەم و نە لەسەر هیچ گرێبەستێک کە بە فەرمی تەواو نەبووبێت.

کاسیمیرۆ کە بە دەبابەکەى بەرازیل ناسراوە، چەند ساڵێکە لەپێکهاتەى سەرەکى ریاڵ مەدرید جێگەى خۆى گرتووە و رۆڵێکى گەورەى بینیوە لە چنینەوەى نازناوەکانى یانەى ریاڵ مەدرید، بەرزى روحیەتى یاریزانەکە و توندى لە یاریکردن وای کردووە نازناوى دەبابەکەى بەبەردا بکەن.

130 جار خوێندراوەتەوە