چارەنوسی چەکە سوتێنراوەکانی پەکەکە دیاری کرا

KNN : Kurdish News Network
01:58 - 12/07/2025
کوردستان
+
-


دوای ئەوەی دوێنێ، گروپێک لە چەکدارانی پەکەکە، چەکیان دانا و سوتاندیان، پرسەکە بوە رۆژەڤی میدیا ناوخۆیی و  جیهانییەکان، پرسیارێک بێ وەڵام مایەوە، چەکە سوتێنراوەکان چی لێدەکرێت؟


هەواڵ: KNNC

دیجیتاڵ میدیای کەی ئێن ئێن، وەڵامی ئەو پرسیارە دەداتەوە  و چارەنوسی چەکە سوتێنراوەکانی دەستی پەکەکە ئاشکرادەکات، ئەو دەنگۆیەش ڕەتدەکاتەوە کە دەگوترا دەبرێتە مۆزەخانەی سلێمانی.

بۆ ئەو پرسە دیجیتاڵ میدیای کەی ئێن ئێن پەیوەندی بە هاشم حەمەعەبدوڵا، بەڕێوەبەری شوێنەواری سلێمانیەوە کرد، ناوبراو بە کەی ئێن ئێنی ڕاگەیاند، چەکە سوتێنراوەکان نابرێنە مۆزەخانەی سلێمانی.

دیجیتاڵ میدیایی کەی ئێن ئێن زانیویەتی، چەند کاتژمێرێک دوای مەراسیمی چەکدانانەکە، چەکە سوتێنراوەکان کە لە چەکی سوک و مامناوەند پێکهاتوبن، لە ڕێگەی هێزێکی ئەمنییەوە هێنراونەتەوە بۆ سلێمانی.


بەختیار ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتی ڕێکخراوی گەشەپێدانی مەدەنییەت(CDO) بە کەی ئێن ئێنی ڕاگەیاند؛ دوای وەرگرتنی ڕەزامەندی لە حکومەت، بە هاوبەشی لەگەڵ مۆزەخانەی ئەمنە سورەکەی سلێمانی، پاراستن و پارێزگاریکردن چەکەسوتێنراوەکانیان گرتوەتە ئەستۆ.

ناوبراو رونیشیکردەوە، چەکە سوتێنراوەکان لە شێوەی مۆزەخانەدا هەڵدەگرین و بە  ناوی چیرۆکی ئاشتی و سەرگوزەشتەی ڕوداوەکانی ئەوڕۆژە و قۆناگەکانی دیکە پرۆسەی ئاشتیی تێدا تۆمار دەکرێت.

لە بارەی شوێنی پارساتن و دانانی چەکەکانیشەوە، بەختیار ئەحمەد ئاشکرای کرد، دوو پێشنیاریان داوەتە حکومەت، یەکەمیان هەر لەناو ئەشکەوتی جاسەنە خۆیدا مۆزەخانەیان بۆ دروست بکرێت، پێشنیاری دوەمیش ئەوەیە چەکەکان لە مۆزەخانەی  نیشتیمانی ئەمنەسورەکە هەڵبگیرێت، بۆ ئەو پرسەش چاوەڕوانی وەڵامی حکومەتن و لە چەند رۆژی ئایندەدات دەستبەکار دەبن.

ئەمە لە کاتیكدایە، دوێنێ، وەک یەکەم هەنگاوی نیازپاکی لەلایەن گروپێکی گەریلاوە، کە ژمارەیان 30 کەسبون، چەکەکانیان داناو و دواتریش لە ڕێگەی ئاگرەوە سوتێنران.

 

 

سلێمانی - رزگار جەبار











499 جار خوێندراوەتەوە