ئەیمەن زەواهیری، سەرۆکی رێکخراوی قاعیدە بە درۆنێکی ئەمەریکا لە
ئەفغانستان شەوی رابردو کوژرا و سەرۆکی ئەمەریکاش هەواڵی کوژرانی زەواهیری پشتڕاست
کردەوە.
میدیا جیهانییەکان بڵاویانکردەوە، ئەیمەن زەواهیری لە ئۆپەراسیۆنێکدا بە
سەرپەرشتی دەزگای هەواڵگری ئەمەریکا لە کابوڵی پایتەختی ئەفغانستان کوژرا.
ئاماژەیان بەوەشکردوە، زەواهیری لە باڵکۆنی ماڵەکەیدا بە ئارامی دانیشبو
کاتێك درۆنەکە موشەکێکی ئاڕاستە کردبو.
بەپێی زانیارییە میدیاییەکان، ئەندامانی خێزانەکەی زەواهیری لە هەمان ماڵدا
بون، بەڵام ئەوان هیچ زیانێکییان پێ نەگەیشتوە.
سەرۆکی ئەمەریکا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: کوژرانی زەواهیری
دادپەروەریەکە کە بەسەر سەرۆکی ئەو گروپەدا جێبەجێکراوە.
بایدن دەشڵێت: گرنگ نییە چەند کات
دەخایەنێت، گرنگ نییە لە کوێ خۆت دەشاریتەوە، ئەگەر تۆ هەڕەشەبیت بۆ سەر خەڵکی
ئێمە، ئەمەریکا دەدۆزێتەوە و ئێمە هەرگیز لە بەرگریکردن لە گەل و نیشتیمانەکەمان
کۆڵ نادەین.
لە بارەی چالاکییەکانی سەرۆکی قاعیدە، بادین راشیگەیاند:
زەواهیری دارێژەری پلانی روداوە خۆکوژییەکەی ئەمەریکایە کە لەساڵی 2001 رویدا و 17 هاوڵاتی ئەمەریکی گیانیان لەدەستدا و سەرپەرشتی هێرشکردنەسەر باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە کینیا کردوە کە بوەهۆی گیان لەدەستدانی 223 کەس.
ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا رایگەیاند: ئەیمەن زەواهیری مێشکی
ئەلقاعیدە بوە.
ئەم ئۆپەراسیۆنەی ئەمەریکا بە یەکەمین چالاکی واشنتۆن لە ئەفغانستان
دادەنرێت لە دوای کشانەوەی هێزەکانی ئەو وڵاتە لە مانگی ئابی ساڵی رابردودا.
میدیاکان پێیان وایە، روداوی کوشتنی زەواهیری، ئەمەریکا بە سەرکەوتنێکی
گەورەی دادەنێت بەتایبەت دوای ئەوەی لە ئەفغانستان کشایەوە و پشێوی روی لەو
وڵاتەدا دروست بو.
ئەیمەن زەواهیری لەساڵی 1951 لە میسر لە دایك بوە و کۆلێژی پزیشکی تەواو
کردوە و لەساڵی 1980 بە تۆمەتی تێوەگلان لە چالاکی گروپێکی ئیسلامی زیندانی
کراوە.
زەواهیری لە ساڵی 1997 چوە جەلالئاباد و چاوی بە ئوسامە بن لادنی سەرۆکی
پێشوتری قاعیدە کەوت بۆ ئەوەی هاوپەیمانێتییەك دروست بکەن.
دەسەڵاتدارانی ئەمەریکا پێیان وایە، زەواهیری ئەندازیاری هێرشەکەی 11ی
سێپتەمبەری ساڵی 2001ە، دوای روداوەکە پۆلیسی ئەمەریکا رایگەیاند: خەڵاتێکی 25
ملیۆن دۆلاری بە ئەو کەسە دەدرێت کە شوێنی زەواهیری ئاشکرا بکات.
لە دوای کوژرانی ئوسامە بن لادن لە ساڵی 2011 لە پاکستان، زەواهیری بو بە
سەرۆکی قاعیدە و شەوی یەکشەممە، لە ئۆپەراسیۆنێکدا لە کابوڵی پایەتەختی ئەفغانستان
کوژرا.
139 جار خوێندراوەتەوە