چەندین ساڵە توندوتیژی و نائارامی شاری بەغدای پایتەختی ماندوو کردووە، لە
ئێستاشدا دوو هونەرمەندی گەنج، دیوارەکانی بەغدا رەنگ دەکەن.
ئەو دوو هونەرمەندە ناویان ویجدان مەجیدی و حەمدان ساراییە و بە پشتیوانی
شارەوانی بەغدا، پایەی پردە کۆنەکان و دیوارەکانی شارەکە رەنگ دەکەن و تابلۆی، تایبەت
بە مێژوو و کەسایەتییە گرنگەکانی عێراقیان لەسەر دەنەخشێنن.
ویجدان مەجیدی، لەبارەى کارەکەیانەوە باسی لەوە کرد کە لە رێی رەنگەوە هەوڵدەدەن
ژیان بگەڕێننەوە بۆ دیواری شەقام و مەیدانە گرنگەکانی بەغدا.
مەجیدی، ئەوەی ئاشکرا کرد کە سەرەتا بە نەخشاندی دوو دیواری شەقامی وەتبا،
دەستیان پێکردووە و وتیشی: "بۆ پایتەختێکی جوانتر، لەسەر دیوارەکان وێنەی تایبەت
بە مێژوو، فەرهەنگی عێراق و کەسایەتییە ناودارەکانم کێشا. دواتر هاوڕێ و هاوکارم،
حەمدان سارای، لەگەڵم دەستی بە وێنە کێشان کرد و پێکەوە زیاتر لە 20 دیوارمان نەخشاند".
ئەو هونەرمەندە پێى وایە، لە رێی نەخشاندنی دیوارەکانەوە دەتوانن کەمێک ورە
بدەنەوە بە هاووڵاتییان و هاوکاربێت لە ژیانەوەی شاری بەغدا کە چەندین ساڵە بووەتە
مەیدانی جەنگ، تیرۆر و پێکدادان.
ئەوەشی خستەڕوو کە ئامانجییەتی لە شارەکانی دیکەش کاری هاوشێوە ئەنجام بدرێت.
مەجیدی، ئەوەشی دووپات کردەوە کە وەک ئافرەتێک ئاسانییە لە شارێکی وەک بەغدا
کە قەرەباڵغترین شاری عێراقە، ئەم کارە بکەیت، بەڵام وەک خۆى وتى،" من کەسێکم
کە حەزم لە زاڵبوونە بەسەر سەختییەکاندا. پێویستە هونەرمەندیش هەر وابێت".


406 جار خوێندراوەتەوە