سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بە دابینکردنی زیاتر لە (10) ترلیۆن دینار کردوە لە پڕۆژەیاسای پاڵپشتی فریاگوزاری بۆ چارەسەری کێشەی چوار توێژ کە هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، حەسەن کەعبی، سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند:
کۆبونەوەیەکمان لەگەڵ ئەندامانی لیژنەکە ئەنجامدا بە مەبەستی تەواوکردنی
پڕۆژەیاسای پاڵپشتی فریاگوزاری بۆ ئەوەی پێش هاتنی پشوی پەرلەمان خوێندنەوەی بۆ
بکرێت و یاسای بۆ دەربکرێت.
دەشڵێت: بڕی زیاتر لە (10) ترلیۆن دینار دابینکراوە بۆ وەزارەتی بازرگانی بۆ
کڕینی گەنمی جوتیاران و هاوردەکردنی پێداویستی خۆراکی و خەرجکردنی شایستە داراییەکانی
جوتیاران.
کەعبی راشیگەیاند: بەشێك لەو پارەیە بۆ وەزارەتی کارەبا دابینکراوە بۆ
پارێزگاری کردن لە وزەی کارەبا لە هاویندا و بەشێکی دیکەی بۆ خەرجکردنی پارەی
پتڕۆ دۆلار.
باسی لەوەشکردوە، چارەسەری کێشەی فەرمانبەرانی گرێبەست و وانەبێژان توێژێکی
دیکەن کە بەشێك لەو بڕە پارەیەیان بۆ دابینکراوە.
وتیشی: ئەو پارەیە بۆ وەزارەتەکان و توێژەکانی هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە بەپێی پشکی وەزارەتەکان و پارێزگاکان.
2148 جار خوێندراوەتەوە