بزوتنەوەی گۆڕان داواکارییەکانی خەڵک بەچەند خاڵێک دەخاتە بەردەم شاندی سەرۆکایەتی هەرێم

KNN : Kurdish News Network
05:03 - 22/05/2022
کوردستان
+
-

سەرۆکی هەرێم دوای سەردانەکەی بۆلای بزوتنەوەی گۆڕان رایگەیاند؛ دۆخی هەرێم هاوڵاتیانی نیگەران کردوە و پێویستە لایەنە سیاسییەکان کۆدەنگی دروست بکەن، وتەبێژی بزوتنەوەی گۆڕانیش دەڵێت: سەرۆکایەتی هەرێممان خستەر بەردەم بەرپرسیارێتی دۆخی ئێستا و بەزویی بەدەم داخوازییەکانی خەڵکی کوردستانەوە بێت.

دوای سەردانەکەی شاندی سەرۆکایەتی هەرێم بە سەرۆکایەتی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێم و جێگرانی بۆ مەکۆی سەرەکی بزوتنەوەی گۆڕان و کۆبونەوە لەگەڵ شاندی بزوتنەوەکە، سەرۆکی هەرێم بە کەی ئێن ئێن-ی راگەیاند؛ دۆخی ئێستا جێگەی نیگەرانی سەرۆکایەتی هەرێم و حکومەت و پەرلەمانە و پێویستە ئێمە لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان و حکومەت و پەرلەمان گفتوگۆی لەسەر بکەین.

وتیشی: گەشبینم بە سەردانەکەم بۆلای لایەنە سیاسییەکان و هەموان جەختیان کردوە لەسەر بونی کۆدەنگی سیاسیی.

سەبارەت بە هۆشدارییەکانی جینین پلاسخارت، نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ عێراق لەبارەی دۆخی هەرێمەوە، نێچیرڤان بارزانی وتی: وتەکانی بەرپرسەکەی نەتەوە یەکگرتوەکان لە پەرۆشییەوەیە بۆ دۆخی هەرێم و پێویستە نیگەرانیەکان بە هەند وەربگرین.

لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان پارتی و یەکێتیش وتی: ئێستا پەیوەندییەکانی هەردولا باشن، شەڕی راگەیاندن وەستاوە و لە داهاتوشدا کۆبونەوەی دیکە لەنێوان پارتی و یەکێتی بەڕێوەدەچێت.

لای خۆیشییەوە دلێر عەبدولخالق، وتەبێژی بزوتنەوەی گۆڕان لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبونەوەکە وتی: بە ڕاشکاوی باسی دۆخی سیاسیی و ئابوری و کۆمەڵایەتی خەڵکمان کرد و  باسمان لەوەکرد کە خەڵک چاوەڕێی چاکسازیی و باشبونی دۆخی هەرێمە و جگە لەوەش خراپی پەیوەندییەکانی نێوان یەکێتی و پارتی کاریگەری خراپی لەسەر چۆنیەتی ئیدارەدانی هەرێم و کۆکردنەوەی سەرچاوەکانی داهات و پەکخستنی دامەزراوەکان هەبوە و ئەوەش نیگەرانییەکانی خەڵکی زیاتر کردوە.

وتیشی: پەیام و بەرنامەی بزوتنەوەی گۆڕان، پەیامێکی زیندوە و بە خۆشحاڵییەکی زۆرەوە ئەوەش بەرهەمی خەڵک و خەباتی مەدەنییە کە ئێستا لایەنەکانی دیکەش بەرنامەی سیاسیی گۆڕان بە دەرمانی چارەسەری کێشەکان دەبینن.

وتەبێژی بزوتنەوەی گۆڕان دوپاتی کردەوە کە ئەوان بە ڕاشکاوی باسیان لە نیگەرانییەکان کردوە کە حکومەت بەدەم داخوازییەکانی خەڵکەوە ناچێت و بۆ ئەو مەبەستەش سەرۆکایەتی هەرێمیان خستوەتە بەردەم بەرپرسیارێتی چاککردنی دۆخەکە بەخێرایی.

325 جار خوێندراوەتەوە