هەزاران منداڵی ئۆتیزم بێ مووچەن؛ وەزارەتی کار دۆسیەکانیان ڕەوانەی بەغدا دەکات

KNN : Kurdish News Network
02:10 - 03/10/2026
کوردستان
+
-

لە هەرێمی کوردستان لە کۆی نزیکەی چوار هەزار منداڵی تووشبووی ئۆتیزم، تەنیا بەشێکی زۆر کەمیان هاوکاریی دارایی وەردەگرن. لە ئێستادا وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی دۆسیەی سەرجەم ئەو منداڵانەی ناردووەتە بەغدا، بۆ ئەوەی لە چوارچێوەی پڕۆژەبودجەی ساڵی 2027دا مووچەیان بۆ دابین بکرێت.

 

ئەمڕۆ شەممە، لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی سەنتەری نێودەوڵەتیی (کاد) بۆ ئۆتیزم لە سلێمانی، کوێستان محەممەد، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند؛ لە کۆی سێ هەزار و 927 منداڵی ئۆتیزم، ئێستا هەزار و 756 منداڵ لە سەنتەرەکاندان، بەڵام تەنیا 310 منداڵیان هاوکاریی دارایی مانگانە وەردەگرن.

 

سەبارەت بە سەنتەرە تایبەتەکان، وەزیری کار ئاماژەی بەوە کرد کە لە ساڵی 2019دا تەنیا 11 سەنتەری ئۆتیزم هەبوون و سەنتەرە تایبەتەکان مانگانە نزیکەی هەزار دۆلاریان بۆ هەر منداڵێک وەردەگرت. بەڵام بەهۆی پێدانی ئاسانکارییەوە، ئێستا ژمارەکە بۆ 72 سەنتەر بەرزبووەتەوە (14 حکومی و 58 تایبەت)، ئەمەش کێبڕکێی دروستکردووە و نرخەکانی زۆر دابەزاندووە.

 

لەبارەی خزمەتگوزارییەکانی حکومەتەوە، کوێستان محەممەد ڕوونیکردەوە کە لە سەنتەرە حکومییەکاندا ژەمێک خواردن و بڕی هەزار دیناری مانگانە دەدرێتە منداڵەکان، لەگەڵ دابینکردنی پاسی هاتووچۆ لە هەولێر و دهۆک و هەوڵدان بۆ سلێمانیش. هاوکات منداڵانی ئۆتیزم لە نەخۆشخانە حکومییەکان بەخۆڕایی چارەسەر دەکرێن و لە فڕۆکەخانەکانیشدا لە پشکنینی گشتی دەبەخشرێن. وەزارەتەکە پلانیشی هەیە سەنتەری نوێ لە چەمچەماڵ، سەیدسادق، خانەقین و ئامێدی بکاتەوە.

136 جار خوێندراوەتەوە