هاوڵاتییەکى ناحیەى سەنگەسەر لە سنورى بنارى قەندیل، لەلایەن سوپاى
پاسدارانەوە بەسەختى بریندار دەکرێت.
دکتۆر ئازاد ئەحمەد، بەڕێوەبەرى نەخۆشخانەى فێرکارى قەڵادزێ، بە دیجیتاڵ میدیاى (کەى ئێن ئێن)ى راگەیاند:
کاتژمێر (12:00)ى نیوەڕۆ، بریندارێک رەوانەى نەخۆشخانەى قەڵادزێ کرا کە تەندروستى
ناجێگیر بوو و دوو گولـلەى بەرکەوتبو.
وتیشى،" یەکێک لە گولـلەکان بەرشانى کەوتوە و لە قۆلى دەرچووە و بۆڕى
خوێنى بڕیوە و ئیسقانەکەى شکاندووە، گولـلەیەکى دیکەش بەر ڕانى کەوتوە و لە رانى
دەرچووە و برینێکیش بە کەلەکەوەیەتى".
ئاشکراشى کرد، سەرەتا کە گەیەنرایە نەخۆشخانە رەوشى تەندروستى جێگیر نەبوو،
چونکە لە کاتژمێر (08:30) خولەکى بەیانییەوە بریندارکرابوو، بۆیە کە گەیەنرایە
نەخۆشخانە شۆک بوو، بەڵام دواى پێدانى چارەسەرى سەرەتایى رەوشى تەندروستى بەرەو
باشتر رۆشتووە.
دەشڵێت: ئامادەکراوە هەر ئەمڕۆ لە رانیە، نەشتەرگەرى بۆ بکرێت.
لەبارەى هۆکارى برینداربونى، بەڕێوەبەرى نەخۆشخانەى قەڵادزێ وتى،"
ئێمە نازانین هۆکار چیە، بەڵام بەپێى قسەى کەسوکارەکەى لەلایەن سوپاى پاسدارانەوە
لە قەندیل تەقەى لێکراوە، چونکە بەمەبەستى کردنى گژ و گیاى بەهارە روى لە شوێنەکە
کردبوو".
227 جار خوێندراوەتەوە