نەتەوە یەکگرتوەکان داوای بە هانەوەچونی 12 ملیۆن منداڵی سوری دەکات

KNN : Kurdish News Network
08:22 - 08/05/2022
جیهان

نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری دەدات لەوەی کە زیاتر لە ١٢ ملیۆن و ٣٠٠ هەزار منداڵی سوری پێویستیان بە هاوکاری مرۆیی هەیە، ئەوەیش بەرزترین ڕێژەیە لەوەتەی ساڵی ٢٠١١ شەڕ لەو وڵاتە هەڵگیرساوە.

ئەدێل خزر، بەڕێوەبەری هەرێمی یونسێف لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا ڕایگەیاندووە، ملیۆنان منداڵ هێشتا لەژێر ترسدا دەژین.

بەپێی ڕاگەیەندراوی ئەو بەرپرسەی نەتەوە یەکگرتووەکان، زیاتر لە شەش ملیۆن و ٥٠٠ هەزار منداڵی سوری لە ناوخۆی وڵاتەکەیاندا هاوکاری مرۆییان پێویستە، لە هەمان کاتیشدا نزیکەی پێنج ملیۆن و ٨٠٠ هەزار منداڵی ئاوارەی سوری لە وڵاتانی دراوسێ هاوکارییان پێویستە.

باسی لەوەشکردووە، لە ئێستادا نرخی خۆراک بەشێوەیەکی زۆر بەرزبووتەوە، ئەوەش گرێدراوە بەو قەیرانەی لە ئۆکرانیا کە سەریهەڵداوە.

هەروەها نیگەرانی خۆیشی نیشانداوە سەبارەت بە کەمبونەوەی ئەو هاوکارییە نێودەوڵەتیەی کە بۆ سوریا تەرخان کراوە لەمساڵدا.

ئەو ڕێکخراوە ئاماژەی بەوە کردووە، پێویستی بە 20 ملیۆن دۆلاری بەپەلە هەیە بۆ ڕاپەڕاندنی کاروبارەکانی سەر سنوور کە تاکە ڕێگایە بۆ مانەوەی نزیکەی یەک ملیۆن منداڵ لە باکوری ڕۆژئاوای سوریا کە بەدەست هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنەوەیە.

نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، تا ئێستا لە سوریا ١٣ هەزار منداڵ کوژراون و برینداربوون.

72 جار خوێندراوەتەوە